عەبدولڕەحمان جەزائیری: عێراق چەکی پێشکەوتووی بۆ پارێزگاریی سنوورەکەی نییە

K24 – هەولێر:
شارەزایەکی ئەمنی و سەربازی ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستا سوپای عێراق بێبەشە لە تەکنیکەکانی سەردەم لە پاراستنی سنوور و رێگەگرتن لەبەردەم بەقاچاغبردنی ماددەی هۆشبەر.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، شارەزای ئەمنی و سەربازی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 ڕایگەیاند، عێراق تا ئێستا بەدەست بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر و دزەکردنی تیرۆرستان لە سنووری وڵاتانی هاوسنوورەوە بۆ وڵاتەکەی گرفتارە، چونکە ناوچەکان لە هەموو ڕێکارە ئەمنییەکان بێبەشن.
ئەو شارەزا ئەمنییە دەڵێت: سنووری عێراق لە لایەن وڵاتانی هاوسنوورەوە پێشێل دەکرێت ، پێویست بوو لەسەر حکوومەتی عێراق گرێبەستێک لەگەڵ ئەمەریکا یان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا بکات بۆ ئەوەی بەردی بناغەی ئەمنی زۆر نایاب دابنرێت بۆ پاراستنی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتان.
ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا سوپای عێراق بێبەشە لە تەکنیکەکانی سەردەم لە پاراستنی سنوور و رێگرتن لەبەردەم بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، باسی لەوە کرد، عێراق چەکی پێشکەوتووی بۆ پارێزگاریی سنوورەکەی نییە، دانانی کۆنکریت و ڕیزکردنی پاسەوانان لەسەر سنوورەکان تەکنیکێکی کۆنە، هەروەها لە سیستەمی بەرگریی جیهان بۆ پاسەوانی لە سنوور، عێراق زۆر لە دواوەیەوە.
ناوبراو گوتی: لەسەر سنووری عێراق و سووریا چەکدارانی داعش بوونەتە هۆی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەرەکان، هەروەها سنووری باکوور و باشووری عێراق بەهیچ شێویەک کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر تیرۆرستان لە وڵاتانی هاوسنوورەوە دزە بکەنە ناو خاکی عێراق، ئەوا عێراق ناتوانێت کۆنترۆڵی باروودۆخەکە بکات.