کۆریای باشوور وەزارەتێکی تایبەت بە وەچەخستنەوە دادەمەزرێنێت

K24 – هەولێر
یون سوک یۆل سەرۆککۆماری کۆریای باشوور ڕایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی لە دایکبوون و وەچەخستنەوە لە وڵاتەکەی بڕیاریداوە لە پێناو گەشەی دانیشتووان، وەزارەتێکی نوێ و تایبەت بە کاروباری وەچە خستنەوە دابمەزرێنێت.
سەرۆکی کۆریای باشوور کەمبوونەوەی ژمارەی لە دایکبوون لە وڵاتەکەی بە دۆخێکی لە ناکاوی نیشتمانی ناوبردووە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی سیئۆل، کۆمەڵگەی کۆریای باشوور لە ئاستی جیهاندا کەمترین وەچەخستنەوەی هەیە و بەشێوەیەک هەر ئافرەتێک تەنیا یەک منداڵ بە دونیا دەهێنێت.
شارەزایانی گەشەی دانیشتووان هۆشداریان لە بارەی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە داوە و ڕایانگەیاندووە، کۆی دانیشتووانی ئێستای کۆریای باشوور 51 ملیۆن کەسە، ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەوا تاوەکوو ساڵی 2100 ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە بە ڕێژەی %50 کەم دەبێتەوە.
بە گوێرەی ئەو توێژینەوانەی لە سەر وەچە نەخستنەوە لەلایەن ژنانی کۆریای باشوور کراوە، ژنانی ئەو وڵاتە بە هۆکاری نیگەرانییەکانی بێکاریی، قەیرانی دارایی و پرسی پەروەردەکردنی منداڵ، دووگیان بوونیان دواخستووە یان هەر نایانەوێت ببن بە دایک و منداڵ بخەنەوە.
هەروەها حکوومەتی کۆریای باشوور بۆ سەرخستنی پرۆژەی گەشەی دانیشتووان و هاندانی ژنان بۆ وەچەخستنەوە بودجەیەکی چەندین ملیار دۆلاری تەرخان کردووە و وەک دەرماڵە بەسەر ژنانی دووگیان و دوای لە دایکبوونیش بەو دایکانە دەدات کە چاودێری گەورە کردن و پێگەیاندن منداڵەکانیان دەکەن.