پەڵکانە؛ عەرەبی هاوردە تەنگی بە خاوەنماڵی ڕەسەن هەڵچنیوە
![پەڵکانە.. عەرەبی هاوردە بە پشتیوانی سوپای عێراق ڕێگری لە جووتیارانی کورد دەکەن](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/May-2024/1715352091palkana.gif)
K24 – هەولێر:
ماوەی حەوت ساڵە، لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە کاتی تۆوکردن و دروێنەی زەوییەکانیان، ڕووبەڕووی گرفت و هەڕەشەی عەرەبە هاوردەکان و سوپای عێراق دەبنەوە. لە کاتێکدا، کورد خاوەن تاپۆی ڕەشی زەوییەکانە و عەرەبی هاوردەش گرێبەستێکی کشتوکاڵی سەردەمی بەعسیان کردووەتە بەڵگەی خاوەندارێتی ئەو زەوییانە.
گوندی پەڵکانە، دەکەوێتە باکووری شارەدێی شوانی پارێزگای کەرکووک، یەکێک لەو 40 گوندەی شاردەێی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز کە هەموو دانیشتووانەکەی کوردنشینن و لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقدا، دانیشتووانەکەی ڕاگوێزران و زەوییەکانیان درایە عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. ئەم دۆخەش تاوەکو پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003 بەردەوام بوو.
شاردەێی سەرگەڕان، گەورەترین شاردەێی قەزای دووبزە، کە ڕووبەرەکەی زیاترە لە 667 کیلۆمەتر چوارگۆشە و نزیکەی لە 7%ـی ڕووبەری پارێزگای کەرکووک پێکدەهێنێت. هاوکات بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2021، ژمارەی دانیشتوانەکەشی زیاتر لە 22 هەزار کەسن و زیاتر لە 18%ـی ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک پێکدەهێنن.
پەڵکانە تاکە گوندی کوردنشینانی شارەدێی سەرگەڕان نییە ڕووبەڕووی کێشە بووتەوە، بەڵکو هەریەکە لە گوندەکانی "گابەڵەکە، شەناغە، خەرابە و سەربەشاخ"ـیش لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عێراقەوە، بەردەوام ڕێگری لە جووتیاران دەکرێت بۆ کاری کشتوکاڵی لەسەر زەوییەکانیان. لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، بەردەوام هەر پێنج گوندەکە لەژێر پیلانگێڕیی بەردەوامی پرۆسەی تەعریبکردن و فشاری هێزە ئەمنییەکانی عێراقن.
هەرچەندە پێشتر حکوومەتی فیدراڵی عێراق بە بڕیاری ژمارە 29 لە ساڵی 2012، هەموو گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشووی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کەرکووک دەرکردووە و ئاماژەی بە گەڕانەوەی خاوەندارێتی زەوییەکانیش بۆ دانیشتووانە ڕەسەنەکەی کردووە، بەڵام نە دەسەڵاتی دادوەری، نە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بەرگری، ناوخۆ، پارێزگا و فەرمانگەکانی سنوورەکە، ناوەڕۆکی ئەو فەرمانە جێبەجێ ناکەن.
هاوکات لەلایەن خۆشیەوە، وەزیری دادی حکوومەتی فیدراڵی، نووسراوێکی ئاراستەی دادگاکان کردووە کە کار بە گرێبەستە کشتوکاڵییەکان ناکرێت، بەڵام فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک بەردەوامە لەسەر داننان بەو گرێبەستانە و مافی خاوەندارێتی بە عەرەبی هاوردە دەدات، بیانووی ئەوەشی هەیە، لە وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵییەوە، نووسراوێکی هاوشێوەی وەزارەتی دادی فیدراڵی بەدەست نەگەیشتووە.
هەر لە درێژەی کاردانەوە نەرێنییەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر لەسەر کورد و پارێزگای کەرکووک بەتایبەتی، دروستبوونی پشتیوانی بوو بۆ عەرەبی هاوردە لەلایەن ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکەوە. بەشێوەیەک راكان سهعید، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك هەر لە مانگی تشرینی دووەمی 2017ـەوە چهندین نووسراوی ئاراستەی قایمقامی دووبز و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سەڵاحەددین كردووە کە کارئاسنی بۆ ئەو عەرەبە هاوردانە بکەن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ نیشتەجێ بوون لە گوندەکانی شارەدێی سەرگەڕان.
پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی پارێزگای کەرکووک هەر بەوەندەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو هاوکاری هێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس و سوپا بووە کە ڕێگری بکەن لە چاندن، دروێنەکردن و کاری کشتوکاڵی لەلایەن جووتیارانی کوردەوە لەسەر زەوییەکانیان تا لە دروستبوونی ئاڵۆزییەکاندا، چەندین جار جووتیارانی کورد دەستگیرکراون، سەرەڕای زیانگەیاندنێکی زۆر بە سەر و ماڵی هاووڵاتییانی کوردی ناوچەکە.
عەرەبە هاوردەکان لە هۆزی شەممەرن، لە 12 مانگی ساڵدا، لە کاتی چاندنی زەوی و دروێنەی بەرهەم و ڕەنجی ساڵێکی جووتیارانی کورد بە چەک و هێزێکی زۆرەوە ڕوو لە گوندەکانی پەڵکانە و دەوروبەری دەکەن و بە پشتیوانی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، هەوڵی داگیرکردنی زەوی و ماڵی دانیشووانی ناوچەکە دەدەن و زۆرجاریش بەهۆی هاتنە سەرهێلی سەرکردایەتی سیاسیی کورد و حکوومەتی هەرێم و نوێنەرانی باڵای کورد لە بەغدا نەبووایە، ئاڵۆزییەکان سەری دەکێشا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کوردانی ناوچەکە و عەرەبە هاوردەکان و سوپای عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو بەڵێنەکانی بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کاتی بوون و کۆتایی بەو پرسە نەهێناوە.
تەنیا کوردەکانن بەرگری لە داوای جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور دەکەن، کە لە غیابی بەدەنگەوەهاتنی بەغدا بۆ داوای جووتیارانی کورد لە ناوچەکە، بە چارسەری بنەڕەتی بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەی خاوەنداێتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی سەرگەڕانی دادەن. بەشێوەیەک لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییەدا چارەنووسی ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئاسایی دەکاتەوە، پێش ئەوەی سەرژمێری بکرێت و دواتریش لە قۆناغی سێیەم ڕاپرسی دەکرێت.