پێکهاتەی خێزان لە کۆمەڵگەی تورکیا لە مەترسیدایە

K24 - هەولێر

بە گوێرەی تازەترین ئامار و توێژینەوەیەکی نوێی کۆمەڵایەتی ژمارەی ئافرەتانی جیابووەوە و هەڵوەشانەوەی خێزان لە تورکیا گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیۆن و پێشبینیش دەکرێت بەم زووانە ژمارەکە بازێکی گەورە بدات.

بە گوتەی پارێزەرانی کەیسەکانی تەڵاق و جیابوونەوە، ئابووری، توندوتیژی دژی ژنان و ناپاکیی نێوان هاوسەرەکان، لە هۆ سەرەکییەکانی هەڵوەشانەوەی خێزانەکانە لە تورکیادا. هەندێک لە شارەزایانی بواری کۆمەڵایەتیی هۆشداری لە پەرەسەندنی دیاردەکە دەدەن و دەڵێن، پێکهاتەی خێزان لە تورکیا لە مەترسیدایە.

پەیمانگای توێژینەوەی بریجت لە تازەترین توێژینەوەیدا ئاماژەی داوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە مێردەکانیان جیابوونەتەوە گەیشتووەتە 1.8 ملیۆن و ئەمەش ژمارەیەکی زۆری لەگەڵ ژمارەی لەدایکبوون هەیە، تەنیا لە ساڵی 2022 دا 182 هەزار ژن لە مێردەکانیان جیا بوونەتەوە.

سووریە ئارکان، یەکێکە لەو پارێزەرانەی بەشداریی لە چەندین حاڵەتی جیابوونەوەدا کردووە، دەڵێت "هۆکانی جیابوونەوە دوو بەش لە خۆ دەگرێت، هەیانە گشتییە و بەشێکیشی تایبەتە، بەڵام هۆ دیاریکراوەکان ناپاکی، خراپە و توندوتیژی دژی ژنانە. هەندێ گرفتی زۆر تایبەت هەن، لەوانە تێکچوونی دەروونی. گرفتە گشتییەکانیش بەهۆی پەیوەندیی کەسە نزیکەکان، کێشە ئابوورییەکان، خواردنەوە کحوولییەکان، شوێنی نیشتەجێبوون و توندوتیژیی خێزانە، توندوتیژییەکانیش تەنیا ئازاری جەستەیی نییە، بەڵکو گرفتی ئابوورییش بووەتە جۆرێک لە توندوتیژییەکانی ناو خێزانەکان، کاتێک پیاوێک داهاتەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی بەش ناکات یان خەرجی بژێوییان ناکات".

شارەزایان پێیان وایە جگە لە کێشەی ژیان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زنجیرە داراماکان و هەندێک بەرنامەی تەلەفزیۆنی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر جیابوونەوە و هەڵوەشانەوەی پێکهاتەی خێزان.

ماکوان سێرچ، شارەزای زانستی دەروونناسی "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان لەو ڕۆژانەدا کە ژنان زۆر سەیری دەکەن، کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر جیابوونەوەکان هەیە و ناکۆکیی و کێشەکانی نێو خێزانەکان زیاد دەکەن. پرسەکە هەر ژن و مێردەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو گەنجەکانیش لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ شێوەیەکی لاسایی کردنەوە دەگرنەبەر و بڕیاری ژیانێکی تەنیایی دەدەن و لەگەڵ دایک و باوکیان جیا دەبنەوە. ئەمەش دژی فەرهەنگ و یەکگرتوویی خێزانەکانە."

هەر بە گوێرەی توێژینەوەی ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان جیابوونەوە و تەڵاق لە نێوان ژن و پیاو لە تورکیا ساڵ دوای ساڵ بووەتە حاڵەتێکی ئاسایی و شارەزایانیش هۆشداریی لە دۆخێکی خراپ دەدەن، ئەگەر چارەیەکی ڕیشەیی نەدۆزرێتەوە و هۆشیارییەکی گشتگیر لە نێو کۆمەڵگەی تورکیا بڵاو نەکرێتەوە ئەوە دۆخەکە بە جۆرێک لە دەست دەردەچێت دوور نییە لە ماوەیەکی نزیک ژمارەی خێزانە هەڵوەشاوەکانی تورکیا بگاتە سێ ملیۆن.

Fly Erbil Advertisment