هونەر عیسا: ئاستی خوێندنی باڵا و پەروەردە دەگەیەنینە ئاستی نێودەوڵەتی

K24- هەولێر

ئەمینداری گشتیی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی خوێندن ڕایدەگەیەنێت، ئاستی خوێندنی باڵا و پەروەردە دەگەیەنینە ئاستی نێودەوڵەتی.

ڕۆژی یەکشەممە(12ی ئایاری 2024)، هونەر عیسا، ئەمینداری گشتیی دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکانی خوێندن بە کوردستان24 ی ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆری داوە لە کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵادا ڕیفۆرمێک بکات، تا ئێستا دامەزراوەیەک نەبووە بۆ هەڵسەنگاندنی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان وەک پێوەری نێودەوڵەتی، بۆیە هەوڵ دەدەرێت لەسەر بنەمای ژینگەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاستی پیوەرەکان بەرز بکرێنەوە لەڕێگەی لایەنێک لە دەرەوەی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵادا بێت.

هونەر عیسا  پێی وایە هەر ڕیفۆرمێک کارێکی ئاسان نییە و ساڵانێکی دەوێ بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی دەرکەوێت، دەڵێت، دەستپێکی پرۆسەکە ئاسانە، هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی خوێندنی باڵا و پەروەردە دەکەن و پێوەرێکیان بۆ دادەنێن، گوتی، هەوڵ دەدەین پێوەرەکان بە هێواشی بگاتە پێوەری نێودەوڵەتی.

ڕاشیگەیاند، ڕەنگە تاوەکو پێنج ساڵ تاقی کردنەوەی ئەو پرۆسەیە لە سەر چەند قوتابخانە و کۆلێج و زانکۆیەک بکرێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بڕیاری دا بە پێکهێنانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان وپرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا.

بڕیارە لە دەستپێکی کارەکانی دەستەکە چەند زانکۆ و قوتابخانە و ناوەندێکی خوێندنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی وەک پرۆژەی تاقیکاریی بخرێتە بەردەم پرۆسەی متمانەبەخشین و جێبەجێکردنی ئامرازەکانی پێداچوونەوە بە گوێرەی پێوەرەکان بۆ دەستەبەری نایابی ئەکادیمیی و پەروەردەیی بە پاڵپشتیی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.