وەزیری پەروەردە: بەپێی ڕێنمایی وەزارەت پێویستە بۆ گەشتی زانستیی ڕەزامەندیی وەربگیرێت

K24- هەولێر:
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانی بریندارەکانی ئەمڕۆی ڕووداوی وەرگەڕانی پاسێکی قوتابییان لەسەر ڕێگەی کفری-کەلار گوتی:بە ڕێنمایی دیاری کراوە نابێت هیچ گەشتێکی زانستیی بۆ قوتابییان بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە، ڕێک بخرێت.
ڕۆژی سێشەممە(14ـی ئایاری 2024)، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی قوتابییە بریندارەکانی ڕووداوەکەی سەر ڕێگەی کفری- کەلاری کرد.
وەزیری پەروەردە لەو بەسەرکردنەوەیەدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دوا و گوتی: دەسەڵات دەدەینە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بۆ دواخستنی تاقیکردنەوەی قوتابیان، بۆ ئەوەی قوتابیان زەرەرمەند نەبن.
لەبارەی ڕێنماییەکانیش بۆ گەشتیی زانستیی، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، لە پرسی گەشتی زانستی ڕێنمایی وەزارەتی پەروەردە هەیە، هیچ قوتابخانەیەک بۆی نییە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە، گەشتی زانستیی بۆ قوتابیان ڕێک بخات.
ئالان حەمە سەعید گوتی، بۆ گواستنەوەی قوتابیان، لە ڕۆژی 20 ی نۆی 2023، بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی پەروەردە بە ژمارە 389، بە ناونیشانی( سەلامەتی قوتابیان و خوێندکاران لە هۆکارەکانی گواستنەوە) دا، هەموو ئەو ڕێنماییانەی کە پێویستە کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن بیگرنە بەر، گشتاندنمان بۆی کردووە، دەشڵێت، من لە پێگەیەک نیم کەس تۆمەتبار بکەم، چونکە ئەوە کاری دادگایە ، پرسی ڕووداوەکە بەجێ دێڵین بۆ لایەنی پەیوەندیدار.
لەبارەی کۆتایی هاتنی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان، وەزیری پەروەردە گوتی، ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی تاقیکردنەوەی پۆلی نۆی بنەڕەتی ئەو قوتابخانانە بوو کە لە 13ی نۆ وە دەستیان بە خوێندن کرد و پابەندبوون بە ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە، دەشڵێت، پرۆسەکە بەشێوەیەکی گشتیی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو.