بودجەی 2023ـی عێراق تەنها له‌سه‌دا 72ـی جێبەجێ کراوە

خەمڵاندنی ناڕاست بۆ ژمارەکان بووەتە سیمای بودجەی عێراق

کورتهێنانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 بەشێوەیەکی فیعلی شەش ترلیۆن و 917 ملیار دینار بووە، بەشێوەیەک نزیکەی 10%ی ئەو قەبارەیە بوو کە لە یاسای بودجەدا خەمڵاندنی بۆ کرابوو، ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە خەمڵاندنەکانی ناو یاسای بودجەی عێراق دوورن لە راستی.

دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خشتەکانی بودجەی 2024ی پەسەند کرد و ناردی بۆ پەرلەمان، چاوەڕوان دەکرێت لە ناو پەرلەماندا هاوشێوەی ساڵی رابردوو مشتومڕیکی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە خشتەکاندا کراوە.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنێ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند قەبارەی کورتهێنان لە بودجەی 2024دا بریتییە لە 63 ترلیۆن و 400 ملیار دینار، بەپێی ئەو وتەیەی سوودانی کورهێنانی خەمڵێنراو بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمبووەتەوە، بەڵام کاتێک ژمارەکان لێکدەدەیتەوە، دەردەکەوێت قەبارەی کورتهێنان لە خشتەکانی 2024دا زیاترە لە 66 ترلیۆن و 600 ملیار دینار، نەک 63 ترلیۆن دینار.

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، قەبارەی خەرجییەکانی ناو بودجەی 2024 بۆ 210 ترلیۆن و 936 ملیار دینار بەرزبووەتەوە، واتە خەرجییەکان بەراورد بە خەمڵاندنەکانی ساڵی رابردوو بەرێژەی 6% و بەراورد بەو خەرجییانەی کە بە کردەیی ئەنجامدراون بەرێژەی 48% بەرزبوونەتەوە.

هەرچی لەبارەی داهاتەکانە، بەپێی خشتە هەموارکراوەکان، داهاتی ساڵی 2024 بریتیدەبێت لە 144 ترلیۆن و 336 ملیار دینار ئەمەش نزیکەی 10 ترلیۆن دیناری زیاترە لەو داهاتەی کە لە راستیدا عێراق لە ماوەی ساڵی 2023 بەدەستیهێناوە.

کاتێک قەبارەی خەرجییە خەمڵینراوەکان لە قەبارەی داهاتی خەمڵینراو دەردەکەیت، ئەوا دەردەکەوێت قەبارەی کورتهێنانی خەمڵینراو، لە بودجەی 2024ی عێراقدا زیاترە لە 66 ترلیۆن و 600 ملیار دینار.

خەمڵاندنەکانی ناو یاسای بودجە لە عێراق بەردەوام دوورن لەو داهات و خەرجییانەی کە لە واقعدا هەن، بەشێوەیەک کە لە باشترین دۆخدا تەنها 80%ی یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێکراوە، ئەویش ساڵی 2012 بووە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت؛ ئەو قەبارە کورتهێنانەی ئاماژەی پێ دراوە تەنها خەمڵاندن بووە و لە راستیدا هیچ ساڵیک وەکو خۆی بەدینەهاتووە، بەتایبەتی لە ساڵی 2023 عێراق ناچار نەبووە هیچ قەرزێک بکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان.