ترەمپ: کۆتایی بە ململانێی ئۆکرانیا دەهێنم

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، جەختی کردەوە، کۆتایی بە ململانێی ئۆکرانیا بهێنێت، ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێتەوە.
ترەمپ لە وتارێکدا کە لە کۆنفرانسی نیشتمانیی ئازادیخوازان لە واشنتۆن ڕایگەیاند، دوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و خەرجکردنی سەدان ملیۆن دۆلاری ئێمە ڕادەگرم، ئەمەش لە پێناو ڕزگارکردنی ژیانی کەسانی دیکە.
بەڵێنیشی دا، "هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری دەست پێ بکاتەوە. ئەو ڕێبازەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستە گرتوویەتییەبەر بۆ بەرەو جەنگی جیهانی سێیەم، دەوەستێنێت".
ترەمپ گوتیشی، "ئایا دەزانن بەرەو جەنگی جیهانی سێیەم هەنگاو دەنێین؟، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم شەڕە، ئەگەر هەڵگیرسێت، کارەساتێکی گەورە و خراپی لێ دەکەوێتەوە".
ترەمپ دووپاتی کردەوە، ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوت، لە ماوەی 24 کاتژمێردا ناکۆکی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکلایی بکاتەوە.
لای خۆیەوە دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین ئاماژەی بەوەدا کە کێشەی ڕووسیا و ئۆکرانیا زۆر قورسە و بە تەنیا بە بەڵێن چار ناکرێت.