لە بەغدا، ئاوی پاکیش دەگمەن بووە
لە شاری بەغدا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، خواستی هاووڵاتییان لەسەر ئاوی پاکژکراوە بەرزبووەتەوە؛ هاووڵاتییەکیش هۆیەکەی بۆ نەبوونی پلانی پێویست لە لایەن حکوومەتەوە دەگەڕێنێتەوە.
کاری ڕۆژانەی سەدان دووکانی بەغدا، پاڵاوتنی ئەو ئاوەیە کە لەلایەن حکوومەتەوە بۆ ماڵان دابین دەکرێت، تاوەکو ببێتە ئاوێکی پاکژ و شیاو بۆ خواردنەوە و بەکارهێنان. ڕۆژانەش هەم هاووڵاتییان سەردانیان دەکەن و هەمیش لە ڕێگەی گەیاندنەوە ئاوی پێویست بەرامبەر بڕە پارەیەک دەگەیەندرێتە کڕیارەکان.
مستەفا رافع، فرۆشیاری ئاوە و دەڵێت، "بە تەنکەر ئاومان بۆ دێت و ئێمەش دەیپاڵێوین بۆ ئەوەی هاووڵاتییان سوودی لێ ببینن. جگە لەوەش کۆمپانیا و هۆتێلەکانیش بە کاری دەهێنن؛ بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا بۆ شووشتن و دروستکردنی خواردن بەکار دەهێنرێت".
بە گوتەی ئەو فرۆشیارە، ئەو ئاوەی حکوومەتی فیدراڵی بە خەڵکی پارێزگاکانی عێراق دەدات، "خوێ بەکتریا و جۆرەها شتی تێدایە. ئێمە ئەم ئاوە پاکژ دەکەینەوە و دەیدەین بە هاووڵاتیان. بەراورد بەوەی حکوومەتیش ویستێکی زیاتری لەسەرە، چونکە ئەوەی حکوومەت هەموو شتێکی تێدایە".
هاووڵاتیانی شاری بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەک ڕۆتینێکی ڕۆژانەیان، لەو دووکانەکانەوە ئاو دابین دەکەن. ئەم چەندەش، وەکوو ئەوەی هاووڵاتییان دەڵێن، بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر شانیان.
شێخ عاید سەعدی، دانیشتوویەکی بەغدایە و دەڵێت، "تەنیا بەغدا کێشەی کەمئاوی نییە، بەڵکوو ئەمە حاڵی هەموو پارێزگاکانمانە. نرخی هەر دەبەیەک ئاو 500 دینارە، خەڵکی کاسب و فەرمانبەر ڕۆژانە ئەم پارەیە لە کوێ بێنن. هەر ماڵێک ڕۆژانە پێویستی بە چوار پێنج دەببەی ئاو هەیە، پێویستە چارەیەکی گونجاو بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە".
وەکوو ئەوەی ئەو هاووڵاتییەی بەغدا باسی کرد، "ئاوی لوولە کەڵکی نییە، بە بەکارهێنانی خەڵک تووشی هەستیاری دەبێت، بە تایبەتی منداڵان. دواتر دەبێت بچنە نەخۆشخانەش. خۆ ئەگەر ئاو پاک بێت، ئێمەش ئەم دەببانە بەکار ناهێنین".