هەرزانتر لە چاڤی: وردەکاری گرێبەستی ڕاهێنەری نوێی بارسێلۆنا
دوای دوورخستنەوەی چاڤی هێرناندێز لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا، بەرپرسانی یانەکەی هەر زوو لەگەڵ شوێنگرەوەکەی دەستیان بە گفتوگۆ کردن کرد و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە، سبەی دووشەممە هانز فلیکی ئەڵمانی، وەکو راهێنەری یانەکەی دەست نیشان دەکرێت.
هەردوو سەرچاوەی باوەڕپێکراوی سکای سپۆرت و بیڵد لە ئەڵمانیا بەردەوام پشتراستی دەکەنەوە، کارگێری یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا لەگەڵ راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەکەیان گەیشتوونەتە رێککەوتن و باس لەوەش دەکەن، سبەی دووشەممە بە فەرمی هەواڵەکە بڵاودەکرێتەوە.
فلێک گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسا بۆ ماوەی دوو ساڵە و مووچەکەشی کەمترە لە چاڤی هێرناندێز و ستافەکەشی سنووردارترە. بەڵام لە ئەگەری بەدەستهێنانی ناسناوەکان و بە تایبەت چامپیۆنزلیگ، ئەو کات راهێنەرە ئەڵمانیەکە و ستافەکەی پاداشت دەکرێن.
ئەو سەرچاوانە بڵاویشیان کردووەتەوە هانز فلیک پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا، لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ گەشتی ئەمریکا قسەی کردووە و خودی ئەو راهێنەرە پلانەکانی ئەو گەشتەکەی وەکو ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو داڕشتووە.