ئومێد حەمە عەلی: تەواو بوونی پردی دەربەندی ڕاپەڕین کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەکات

ئەندازیار ئومێد حەمە عەلی، بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگەوبانی ڕاپەڕین
ئەندازیار ئومێد حەمە عەلی، بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگەوبانی ڕاپەڕین

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگەوبانی ڕاپەڕین ڕاگەیاند، تەواو بوونی پردی دەربەندی ڕاپەڕین کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و گوندەکانی دەورووبەری و جووتیاران دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی ئایاری 2024، ئەندازیار ئومێد حەمە عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگەوبانی ڕاپەڕین، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەتەواو بوونی پردی دەربەندی ڕاپەڕین کە بە درێژیی 420 مەتر دروست کراوە، گرنگییەکی زۆری هەیە بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و پیشەسازی و هاتووچۆی هاووڵاتییانەوە. لە ڕابردوودا پردێکی ئاسن هەبوو هاتووچۆی لەسەر دەکرا، کەموکوڕی زۆری هەبوو، هەر بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە ئەم پردە دروست کراوە.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "لەبەر ئەوەی پردی دەربەندی ڕانیە ئیدارەی ڕاپەڕین بە شارۆچکەی دوکان و شارەدێی بنگرد و پارێزگای سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ هاووڵاتییانی دەڤەرەکە. جگە لەوە ئاسانکاریی بۆ جووتیاران و گوندەکانی دەورووبەر و بۆ هاتوچۆی گەشتیاریش دەکات و گرنگە".

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "بەتەواو بوونی پردەکە پەرە بە کەرتی گەشتیاری و پیشەسازی دەدرێت، هەروەها ڕۆژانە هاووڵاتییانیش بەهۆی کار و گەشتوگوزارەوە هاتوچۆ لەسەر ئەو پردەکە دەکەن".

ئومێد حەمە عەلی ئەوەشی خستە ڕوو، لە ڕابردوودا نیوەی پردەکە بە گابیۆن کراوە، لەبەر ئەوەی پلێتی ئاسنەکان ئەوەندە هەبووە، نەتوانراوە پایە و ڕێڕەوی ئاوەکەی بۆ بکرێت، بەڵام ئێستە خۆشبەختانە پردەکە بەشێوەیەیکی تەکنیکی مۆدێرن دروست کراوە و بەهیوان لە ئاست داواکاری هاووڵاتییاندا بێت.

ڕاشیگەیاند، پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانییە، یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیجییانە کە دەتوانم بڵێم لە کوردستان و عێراقیش وێنەی نییە. چونکە کاری تەکنیک و دیزاینێکی زۆر باشی تێدا کراوە کە یەکەمین جارە لەو سنوورە کاری لەو شێوە دەکرێت".

ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پردی ڕانیە - بنگرد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەکرێتەوە.

لە ڕێوڕەسمی دانانى بەردى بناغەى پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە، مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتى "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت خزمه‌تێكی شایسته‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بكات و ئه‌مڕۆ لێرە ئاماده ‌بووین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ردی بناغه‌ی پردی ده‌ربه‌ندی ڕانیه‌ - بنگرد دابنێین كه‌ پردێكی ستراتیجی ده‌بێت بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، هاوكار ده‌بێت بۆ جووتیاران بۆ ئه‌وه‌ی به‌روبوومه‌كانیان به‌ بازاڕ بگه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ پردێك بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ بووژاندنەوەی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و بازرگانیش".

Fly Erbil Advertisment