رۆژنامەنووسەكان 10 پرسیاریان بۆ هانز فلیك ئامادە كردووە
دوای ئەوەی هانز فلیك راهێنەری ئەڵمانی بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا گەیشتە هەرێمی كەتەلۆنیا، رۆژنامەنووسەكان 10 پرسیاریان ئامادە كردووە و چاوەڕێ دەكەن ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە وەڵامیان بداتەوە.
بە گوێرەی پێگەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیا سبەی چوارشەممە هانز فلیك بە فەرمی وەكو راهێنەری بارسێلۆنا دەناسێندرێت و پێشكەشی میدیایەكان دەكرێت.
رۆژنامەی (لا ڤانگواردیا)ـی ئیسپانیا لە راپۆرتێكی شیكاری دا پێیوایە لە یەكەمین كۆنگرەی رۆژنامەوانی دا دەبێت ئەم 10 پرسیارەی خوارەوە ئاراستەی هانز فلیك بكرێت و وەڵامێكی روونیشیان دەست بكەوێت.
1- بۆچوونی خۆی لەبارەی (دی ئێن ئەی) بارسێلۆنا بڵێت؟ ئایا بە هەمان فەلسەفەی بارسێلۆنا پەیڕەو دەكات؟
2- چی رۆڵێك بە تیپی لاوان و نەوەی نوێی بارسێلۆنا دەبەخشێت، بەتایبەتی ئەو یاریزانانەی لە لایەن چاڤییەوە دەركەوتن؟
3- رێگە دەدات رۆناڵد ئاراوخۆ بفرۆشرێت، بەوپێیەی دەنگۆیەكی بەهێز هەیە بارسێلۆنا دەستبەرداری دەبێت؟
4- چەند گرێبەستی پێویبستە؟ سەرەتا دەیەوێت كام یاریزان بگوازێتەوە و لە كام هێڵ گۆڕانكاری بكات؟
5- دەگوترێت بارسێلۆنا ناتوانێت بەم نزیكانە بگاتەوە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئایا متمانەی هەیە یانەكە لانیكەم بگەیەنێتە قۆناغی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو؟
6- ڕافینیا و فێران تۆرێس یاریزانی باڵەكانن، ئایا پشتیان پێدەبەسترێت؟
7- پارێزگاری لە مانەوەی جواو فیلیکس و جواو کانسێلۆ دەكات؟
8- ئایا پێدری و دی یۆنگ دەتوانن سەركردایەتی هێڵی ناوەراست بكەن؟
9- بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی لە نێو یاریگە زیاتر راوێژ لەگەڵ كام یاریزانی بارسێلۆنا دەكات و پشتی پێدەبەستێت؟
10- ئایا لیڤاندۆڤسکی دەتوانێت لە تەمەنی 36 ساڵیدا یەکلاکەرەوە بێت؟