ئامادەسازیی بۆ کردنەوەی  پەیمانگەی پیشەیی سلێمانی - سیستمی خوێندنی ئینگلیزی دەکرێت

وەزیری پەروەردە ئالان حەمە سەعید لە کۆبوونەوەی ئامادەسازیی بۆ کردنەوەی  پەیمانگەی پیشەیی سلێمانی - سیستمی خوێندنی ئینگلیزی
وەزیری پەروەردە ئالان حەمە سەعید لە کۆبوونەوەی ئامادەسازیی بۆ کردنەوەی پەیمانگەی پیشەیی سلێمانی - سیستمی خوێندنی ئینگلیزی

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە، ئامادەکاریی بۆ کردنەوەی پەیمانگەی پیشەیی سلێمانی- سیستەمی خوێندنی ئینگلیزی دەکرێت.

رۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024)، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بۆ ئامادەسازیی کردنەوەی پەیمانگەی پیشەیی سلێمانی - سیستمی خوێندنی ئینگلیزی کرد، بۆئەو مەبەستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە وەزارەتەکەی ڕاسپارد.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پەروەردە، پاش ئەوەی ئەزموونی هەولێر سەرکەوتوبوو ، ئەو ئەزموونە لە خوێندنی پیشەیی دەگوازینەوە بۆ سلێمانی و دهۆک و گەرمیان و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەش.

ساڵی خوێندنی(2023-2024) بۆیەکەمجار لە چوارچێوەی گەشەپێدانی خوێندنی پیشەیی و جێبەجێکردنی بە سیستمی دوانەی خوێندن و پرۆگرامی تایبەتی پیشەیی بە زمانی ئینگلیزیی و دابینکردنی پێداویستیەکان ، ئەزموونی دامەزراندنی پەیمانگەی پیشەیی پێنج ساڵەی حکوومی لەساڵی یەکەمدا بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکان سەرکەوتووانە بەڕێوەچووە.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوە دەکات، وەزیری پەروەردە لەپاڵپشتی ئەو پرۆژەیەدا بە پێویستی زانی سوپاسی پەیمانگە (Collins College) لە هەولێر بکات کە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن ئەرکی هەڵسەنگاندنی  ئاستی زمانی ئینگلیزیی پاڵێوراوانیان گرتۆتە ئەستۆ، لەگەڵ ساڵێک سەرپەرشتیکردنی پەیمانگەکە و دیاریکردنی پرۆگرامی گونجاوی زمانی ئینگلیزیی و هەموو ئەو خزمەتگوزاریانەیان  بەبێ بەرامبەر پێشکەش کردووە، جیا لەوەی هەموو ئەو خزمەتگوزاریانە بۆ پەیمانگەکانی دیکە پێشکەش دەکەن. هاوکات سوپاسی (پەیمانگەی CIS )ـی کرد لە دابینکردن و ئامادەکردنی پرۆگرامەکانی خوێندنی پیشەیی بە زمانی ئینگلیزیی کە بەمافی خاوەندارێتیەوە بێ بەرامبەر لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن پێشکەشی وەزارەتیان کردووە.