ناسنامەی براوەكانی ماراسۆنەكەی زاخۆ ئاشكرا دەبێت
لە شاری زاخۆ ماراسۆنێكی گەورە و جیاواز لەژێر ناوی (راكردنی هەنگاوی بێكۆتا) بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 بە ئامادەبوونی نزیكەی 6 هەزار كەس بەڕێوەچوو، براوەكانی ماراسۆنەكە كۆمەڵێك دیاری و خەڵاتی گرانبەهایان پێشكەش كرا.
ئەمڕۆ هەینی لە لایەن رێكخراوی ڤۆڵنتی كورد كە پێكهاتوون لە ژمارەیەك گەنجی خۆبەخش ماراسۆنێكیان لە شاری زاخۆ بەڕێوەبرد، ماڕاسۆنەكە لە كۆڕنیشی زاخۆ دەستی پێكرد و ماوەكەی 10 كیلۆمەتر بوو.
لە ماراسۆنەكەدا دەیان كەسی بەیانی و پارچەكانی دیكەی كوردستان بەشدارییان تێدا كرد بوو، هەروەها لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و بەشێكی زۆر لە شارەكانی بەغدا و خواروو و ناوەراستی عێراق بۆ بەشداریكردن لە ماراسۆنەكە گەشتی زاخۆیان كرد بوو.
دوای كێبڕكێیەكی زۆر لە كۆتایی دا، خەڵات بەسەر سەركەوتووان لە ئاستی كوڕان و كچان دابەش كرا، كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆنترۆڵی خەڵاتەكانیان كرد.
لە ئاستی كوڕان حوسێن كەیهان پلەی یەكەمی بەدەستهێنا و 2 ملیۆن دیناری وەكو خەڵات پێبەخشرا.
عەقیل یابە، كە لە بەغداوە هاتبوو پلەی دووەمی بەدەستهێنا و ملیۆنێك و نیوی وەكو دیاریی وەرگرت.
لە پلەی سێیەمیش لە ئاستی كوڕان رڤینگ مەحموود وەرزشكارێكی شاری هەولێر بوو پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
لە ئاستی كچان، بوشرا رەئوف لە رۆژهەڵاتی كوردستان پلەی یەكەمی بردەوە، خاتوو میهرەبان عەلی وەرزشكارێكی هەولێر بوو لە پلەی دووەم هات. هەریەكە لە فەوزییە بەدران و سوهام تەها بەیەكەوە گەیشتنە خاڵی كۆتایی و پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا.

