پێشبینی دەکرێت پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 بکەوێتە دوای جەژن

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: ئەرشیف)
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (وێنە: ئەرشیف)

هەر چەندە ڕاگەیەندراوە سبەی دووشەممە خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 لە پەرلەمانی عێراق پەسەند دەکرێن، بەڵام بە گوتەی چەند پەرلەمانتارێک، پەسەندکردنی خشتەکان دەکەوێتە دوای جەژنی قوربان. ئەندامێکی لێژنەی داراییش دەڵێت، لایەنە کوردستانییەکان لەسەر پرسی بودجە "هاوڕان".

لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوانییەکان لەسەر ئەوەن کە سبەی دووشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 بدات، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێک لە تێڕوانینەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەسەندکردنی خشتەکانی 2024 دەکەوێتە دوای جەژنی قوربان.

ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لایەنە کوردستانییەکان لەسەر پرسی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان "هاوڕان". ئەوەشی خستەڕوو، هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر بودجە نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی، "تا ئێستا دوو بۆچوون لەسەر پرسی بودجە هەن، یەکەمیان ئەوەیە کە بودجەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، دووەمیشیان، ئەوەیە لە بودجە سێ تریلیۆن دینار بۆ پارێزگاکان زیاد بکرێت".

بڕیارە لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی كۆتایی په‌یوه‌ست به‌ خشته‌ی بودجه‌ی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 كۆ ببێتەوە، هاوكات سه‌رۆكی لێژنه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، جیددین بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ ته‌واو بكه‌ن و بیخه‌نه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان.

حوسێن حەبیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەربەستی گەورە لە بەردەم پەسەندکردنی بودجە هەیە بەوپێیەی هەندێک کەس و لایەن هەوڵی بەربەستکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لە سەرجەم پارێزگاکان دەدەن، لە ڕێگەی بەربەستکردنی بودجە و دەرخستنی شکستی حکوومەت. داواش دەکات بودجە لە ململانێی سیاسی نێوان لایەنەکان بەدوور بگیرێت.

لەلایەکی دیکە کازم فەیاز، ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ناکۆکی و ململانێی سیاسی جێگیرکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024  دوا دەکەوێت. دەشڵێت، ناکۆکی لەسەر بودجە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی نییە، بەڵکوو لە پێناو بەرژەوەندیی کەسیی و حزبییە.

 پشکی هەرێمی کوردستان لە هەمواری بودجەی ساڵی 2024، 20 ترلیۆن و 900 ملیار دینارە کە نزیکەی 12 ترلیۆنی بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و نزیکەی هەشت ترلیۆن دیناریش بودجەی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی دیکەیە کە پێشبینی دەکرێت بە پەسەندکردن و خەرجکردنیی گەشەی ئابووری لە هەرێمی  کوردستان زیاتر دەبێت.