کۆمپانیای ئەیربەس: فڕۆکەکانی بۆینگ کێشە بۆ کەرتی پیشەسازیی فڕۆکە دروست دەکەن

بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیای "ئەیربەس"ـی ئەورووپایی بۆ دروستکردنی فڕۆکە ڕایگەیاند، ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی کۆمپانیای بۆینگ دەبنەوە، ڕەنگە کاریگەریی لەسەر گشت کەرتی پیشەسازی فڕۆکە هەبێت.

کریستیان شیرەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی فڕۆکەی مەدەنی لە کۆمپانیای "ئەیربەس"، بە گۆڤاری ئابووریی ئەڵمانی "فێرچاڤچ فوخە"ـی ڕاگەیاند، کێشەکانی کۆمپانیای بۆینگ دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی زیاتر گومانیان لە سەلامەتیی فڕۆکەوانی هەبێت، ڕوونیشی کردەوە کە "ئەمە گومان دەخاتە سەر هەموو پیشەسازییەکە".

کریستیان شیرەر ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێستا وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ کارپێکردنی فڕۆکەی نوێ قورستر بووە، فشارێکی زیاتر لەلایەن چاودێرانەوە هەیە، لەنێویاندا دەسەڵاتە چاودێرییەکان".

شیرەر ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن، "ڕەنگە کۆمپانیای ئەیربەس لە ئەنجامی کێشەکانی کۆمپانیای بۆینگ نرخی فڕۆکەکانی بەرز بکاتەوە" و گوتی، "نرخەکان بەرز بوونەتەوە، چونکە خواست لەسەر دابینکردن زیاتر بووە و ئەستەمە پێشبینی ئەوە بکرێت کە شتەکان لە داهاتوودا بەڕێوە دەچێت".

کۆمپانیای بۆینگ لە 5-1-2024ەوە، فشارێکی زیاتری لەسەرە بۆ باشترکردنی کارەکانی و کۆنترۆڵکردنی کوالیتی، ئەمەش دوای ئەو ڕووداوەی سەرەتای ئەمساڵ ڕووی دا، کاتێک فڕۆکەیەکی بۆینگ جۆری "Max 9-737"  کە سەر بە هێڵی ئاسمانی ئالاسکا بوو لە کاتی فڕینیدا بەشێک لە پێکهاتەکەی لەدەست دا.

لەم دواییانەشدا چەندین ڕاپۆرت لەسەر گرفتی تەکنیکی فڕۆکەکانی بۆینگ بڵاوبوونەتەوە، لەنێویاندا تێکچوونی ماتۆڕی فڕۆکەکەی سەرۆکی پۆڵەندا.

سەرەتای مانگی ئایار، ئیدارەی فڕۆکەوانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوەیەکی نوێی لە دژی کۆمپانیای بۆینگ دەست پێ کرد، دوای ئەوەی کارمەندانی کۆمپانیاکە داتای پشکنینی فڕۆکەی بۆینگ 787 دریملاینەریان ساختە کرد بوو.