بەهرۆز جەعفەر: دەرکەوتووە عێراق ڕێگرە لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمی ڕایگەیاند، ئێستە دەرکەوتووە عێراق ڕێگرە لە هەناردە نەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە ماوە زیاتر لە ساڵێکە ڕاگیراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2024، د. بەهرۆز جەعفەر، سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێستە دەرکەوتووە عێراق ڕێگرە لە هەناردە نەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە ماوە زیاتر لە ساڵێکە ڕاگیراوە".
بەهرؤز جەعفەر گوتیشی: " دوو هەفتە پێش ئێستا، حکوومەتی عێراق 22 گرێبەستی دیکەی لە گەڕی پێنجەم و شەشەم، لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکاندا ئیمزا کرد، کە گرێبەستەکەش لەسەر گرێبەستی بەشدارییکردنە لە قازانج".
باسی لەوەش کرد، ئەگەر تەماشای گرێبەستی بەشداریی لە قازانج بکەین کە حکوومەتی عێراقی ئیمزای کردووە، زۆر نزیک و هاوشێوەیە لەو گرێبەستانەی کە هەرێمی کوردستان 16 ساڵ پێش ئێستا ئیمزای کردووە.
سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمی ڕاشیگەیاند، "حکوومەتی عێراق باس لەهەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە دەکات ئەگەر 10 ساڵێ دیکەش هەناردەی بکات، هەردەبێت لە ڕێگەی لوولەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی جەیهانی بکات، چونکە ڕێگەیەکی دیکە نییە".
گوتیشی: "گریمان نەوتی هەرێمی کوردستان بە سۆمۆ کرا و لە بەسرا فرۆشرا، 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، کە هەر بەرمیلێک بە پێوەری ستانداردی جیهانی 159 لیترە، ئەگەر بە تەنکەر بیگوازینەوە بۆ بەسرا، ئەبێت هەموو ڕۆژێک 1796 تەنکەر نەوتەکە لە هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە بۆ بەسرا، ئەمەش نالۆژیکە کە حکوومەتی عێراق داوای دەکات".