لەتیف رەشید: دەستوور دەکەینە ڕێگریی لە تاکڕەوی و بڕیاری یەکلایەنە
سەرۆککۆماری عێراق دووپاتی دەکاتەوە، دەستتور دەکەنە هۆکارێک ڕێگریی بکات لە تاکڕەوی و بڕیاریی یەکلایەنە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024)، لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق، لە ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا گوتی، خۆشحاڵم کە لێرە لەگەڵتانم، تەمەنێکی زۆرم لەگەڵ قوتابیان و مامۆستایان بەسەر بردووە، هەواڵی دەرچوونتان دڵخۆشی کردم، هاوکات سەرۆک پیرۆبایی لە مامۆستایان و قوتابیان کرد.
سەرۆککۆماری عێراق گوتی، ژیانی کارکردنتان دەستپێدەکات، ئەو زانست و زانیارییانەی فێری بوون لە خزمەتکردنی وڵاتەکەتان بەکاری بهێنن و کارکردن و کۆششتان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ پیشکەوتنەکانی سەردەم بەردەوام بێت، ئاماژەی بەوەش کرد وڵاتەکە پێوێستی بە ئەوان هەیە.
لەتیف ڕەشید گوتی، ئێمە لە قۆناغێکی گرنگیی ئاوەدانیداین، پێوسیتە ئاستی زانستیی بەرزبکەینەوە بۆ پەرەپێدانی تواناکان.
گوتیشی، هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور رێک بخەین، لەگەڵ بەدیهێنانی دادپەروەری، ئاماژەی بەوەشکرد کە دەتوانن کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن، گوتی، بە پەرۆشەوە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەستوور دەکەین تاوەکو ڕێگە بگرێت لە تاک ڕەوی و دەرکردنی بڕیار بەشێوەیەکی یەک لایەنە.
لەتیف ڕەشید داوای لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد هاوکار بن لەپێناو سەقامگریی عێراق و گەشەکردنی، گوتی، ئاسایشی وڵات یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و ڕەتی دەکەینەوە عێراق ببێتە سەکۆی هەڕەشەی سەر وڵاتان.
ڕاشیگەیاند، کار بۆ پرسی ئاو دەکەن کە بودجەی بۆ تەرخان بکرێت، تاوەکو بەنداوی لە عێراق و هەرێمی کوردستانی پێ دروست بکەن.
ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بەڕێوە دەچێت و لەم خولەی دەرچوواندا، بڕوانامە بە 68 قوتابی زانکۆکە دەدرێت، کە زۆرینەیان کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش و زیندانیانی سیاسین و بێ بەرامبەر لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک خوێندنیان بە سەرکەوتوویی تەواوکردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێنەی یادگاری لەگەڵ دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک و ستافی ئەکادیمی گرت و لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردن.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە میوانانی ئامادەبووی ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، کە جگە لە کەسوکاری دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆکە، دەیان میوانی بیانی و ناوخۆیی ئامادەی ئاهەنگەکەن.