سەربەست لەزگین: کێشەکانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی کوردستان چارەسەر دەبن
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، زۆرێک لەو کێشانەی لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی کوردستان بوون، خەریکە هێواش هێواش چارەسەر دەبن.
رۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024)، سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەموو کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە پەیامی ئاشتی و گفتوگۆی هەبووە بەئارامی و هێمنی و لێتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، پەیامی پارتی ئەوەیە سازان لەسەر پرسەکان بکەن.
لەبارەی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەربەست لەزگین گوتی، ئێمە هەموو کاتێک بۆ هەڵبژاردن ئامادەین، ئێمە داهێنەری هەڵبژاردنین وەک پارتی و سەرۆک بارزانی، گوتیشی، هەندێ گرفت هەبوون خەریکە هێواش هێواش چارەسەر دەبن، ئومێد هەیە ئەمساڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین.
دەربارەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش گوتی، پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی دۆستانە و بەردەوامە، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەشدارییان کرد.
پێشتر، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، کورسیی کۆتای پێکهاتەکان پرسێکی جددییە و نەبوونی نوێنەرانی پێکهاتەکان کەموکووڕیی لە پەرلەمان دروست دەکات.
هەروەها سەربەست لەزگین ڕاشیگەیاند، پێدەچێت نیگەرانییەکانی پارتی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە قبوڵ بکرێن و ڕەنگە هەندێک ڕێگەچارە بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە.
(21ـی ئایاری 2024) دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە ڕۆژی (20ـی ئایاری 2024) دەرچووە، پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن: پارێزگای هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان، پارێزگای سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان) و پارێزگای دهۆک: (یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان)