دهۆک.. ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دوو پارک لەلایەن مەسرور بارزانییەوە

ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمەکە (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمەکە (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان (بەرۆشکێ) لە شاری دهۆک دادەنێت.

ڕووبەری پارکی "ئالۆکا" یەک ملیۆن و 575 هەزار مەتر دووجا و پارکی "سەرهەڵدان"ـیش 130 هەزار مەتر دووجایە و بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دروست دەکرێن.

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 959 پڕۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری پارێزگای دهۆک بە گوژمەی پتر لە یەک ترلیۆن و 81 ملیار دینار جێبەجێ کراون و "بە شێوەیەکی دادپەروەرانە" بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەش کراون.

لەو 959 پرۆژەیە، 485 پرۆژە خراونەتە خزمەتی هاووڵاتییان و کارکردن لە 423 پرۆژەی دیکەش بەردەوامە. هاوکات ڕەزامەندیی بۆ جێبەجێ کردنی 51 پرۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگاری دهۆک دەرچووە و ئێستا مامەڵەی تەندەرینگ "موناقەسە"ـیان بۆ دەکرێت.

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پێشتر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، "لە ماوەی ڕابردوودا زۆرترین پرۆژەکانمان لە سنووری گوند و لادێکان جێبەجێ کردوون و ویستوومانە بایەخی زیاتریان پێ بدەین. ئەو پرۆژانەی جێبەجێ کراون لە بوارەکانی ڕێگەوبان، ئاوەڕۆ، کارەبا و چەندین بواری دیکدا بوونە".

دانانی بەردی بناغەی ئەم دوو پارکە لە دهۆک لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 28-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەکان کۆبووەوە. دواتر بەردی بناغەی چوار پرۆژە کە بریتین لە (ڕێگەی دووسایدی 40 مەتریی هۆڵی بۆنەکان – شەهیدانی ئازادی، پارکی ناوشار، پارکی نیشتمانی و ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران) دانا.

پێشتریش و ڕۆژی دووشەممە، 27-05-2024، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوەرەسمێکدا، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، پردی دەربەندی ڕانیەی کردەوە.