"كریستیانۆ هەڵەكانی مێسی دووبارە دەكاتەوە و نەسر لەناو دەبات"

گریانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوایین یاریی یانەكەی بەرامبەر هیلال
گریانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوایین یاریی یانەكەی بەرامبەر هیلال

پێگەی (ئیریم نیوز) بابەتێكی شیكاری بڵاوكردووەتەوە لەژێر ناونیشانی (كریستیانۆ هەڵەكانی مێسی و بارسێلۆنا دووبارە دەكاتەوە و كۆتایی بە یانەی نەسر دەهێنێت.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگالی توانی نازناوی گۆڵكاری خولی رۆشنی سعوودیە بباتەوە، بەڵام نەیتوانی نازناوی خول بۆ یانەكەی بەدەستبهێنێت، ئەم دۆخەش وایكردووە كریستیانۆ رۆناڵدۆ داوای گواستنەوەی دوو یاریزانی هاوڕێی (ناچۆ فێرناندێز و كارلۆس كاسێمیرۆ) بكات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەی نەسر بكەن.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: ئەمەی ئێستا كریستیانۆ رۆناڵدۆ داوای دەكات هەمان هەڵەكانی پێشووی لیۆنێل مێسی و بارسێلۆنایە دووبارەی دەكاتەوە. راستە هەموو ئەستێرەكان مافی خۆیانە زۆرترین یاریزانی ئەستێرە لە تیپەكەیان كۆبكەنەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەم گرێبەستانەی پێشتر لەسەر داخوازی ئەستێرەكان كراوە چەند لۆژیكییە؟.
پێشتر بارسێلۆنا تاتا مارتینۆی ئارجێنتینای لەسەر داوای لیۆنێل مێسی كردە راهێنەر، لە هەمان وەرز بارسێلۆنا بەپێی خواستی مێسی یاریزانەكانی دەگوازتەوە، بەڵام گرێبەستەكان هەموویان بەزیان شكایەوە و هیچ سوودێكی بۆ بارسێلۆنا نەبوو، تەنانەت بارسێلۆنا لە ڕیزی یانە گەورەكانی ئەوروپا دابەزی و رۆژ بە رۆژ پێگەی خۆی لەدەستدا، ئەمەش لە كاتێكدا بوو بارسێلۆنا پێش تاتا مارتینۆ چەندان نازناوی گەورەی بردبووەوە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆش بەوپێیەی ئەستێرەیەكی گەورەی مێژووی تۆپی پێیە مافی ئەوەی هەیە بۆچوونی وەربگریت و گوێ لە ئامۆژگارییەكانیشی بگریت، بەڵام ناكرێت لە جیاتی یانەكە بیر بكاتەوە و دەستێوەردان لەكاروباری گواستنەوەی یاریزانان بكات.


ناچۆ و کاسیمیرۆ تاچەند سوودیان بۆ نەسر دەبێت؟

ئەگەر بە وردی سەیری ئەو دوو ناوە بكەین كە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ داوای كردووە، دەبینین ئەو ئەستێرە پورتوگالییە دەزانێت کێشەی نەسر بەرگرییە، بەڵام پێناچێت چارەسەرەکە بە باشی بزانێت.
ناچۆ هەرگیز ئەو بەرگریکارە نەبووە کە هیچ تیپێک خەونی پێوە ببینێت، تەنانەت بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانەی لە مەدرید بووە دەكرێت بە شتێکی سەیر و سەمەرەی تۆپی پێ هەژمار بکرێت، چونكە یاریزانێكی زۆر ئاساییە، بەڵام هەندێكجار سوودی لەو دۆخە وەرگرتووە كە لە پێگەی ئەو یاریزانێكی ریال مەدرید دابڕاوە و ناچۆ شوێنی گرتووەتەوە، بۆیە هەرگیز ئەو یاریزانە ناتوانێت كێشەی نەسر چارەسەر بكات.
لەبارەی كاسێمیرۆش هیچ شتێکی خراپ نییە، ئەوەی هەیە ئەستێرە بەڕازیلییەکە یەکێک لە خراپترین وەرزەکانی لە ڕیزەکانی مانچێستەر یونایتد بەسەر بردووە و تا دێت بەرەو كۆتایی دەچێت، بەڵام ئەو هێشتا وادەزانی لەو سەردەمەیە كە توندوتیژی بەرامبەر مێسی دەكرد و بۆ راگرتنی ئەو یاریزانە لە كلاسیكۆ دانرا بوو.

مێسی و كریستیانۆ لە زۆر خاڵدا هاوشێوەن
ژیانی وەرزشی كریستیانۆ و مێسی لە زۆر خاڵدا هاوشێوە بوون، بەڵام نابێت ئەستێرە پۆرتوگالییەكە هەڵەی مێسی دووبارە بكاتەوە و رۆڵی یەكلاكەرەوەی هەبێت لە هەڵبژاردنی گرێبەستەكانی یانەكەی، دەبێت باشتر بیر بكرێتەوە ئایا نەسر دەتوانێت بە گواستنەوەی ناچۆ و كاسێمیرۆ كێشەكانی چارەسەر بكات.
یانەی نەسر ملیۆنان دۆلاری لە خەزێنەی یانەكەی خەرج كرد بۆ ئەوەی لە نەفرەتییەكانی یانەی هیلال رزگاری بێت، بەڵام بە گواستنەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆش خەونی هاندەرانی نەهێنایە دی، رەنگە ئەمەش پەیوەندی بەو هەڵانە بێت كە یانەكە لە گواستنەوەی یاریزانان دەیكات، ناتوانێت وەكو یانەی هیلال بەگوێرەی پێویستییەكانی بچێتە نێو بازاری گواستنەوەی یاریزانان، ئەوەی هیلال دەیكات زۆر پرۆفیشناڵانەیە بەپێی كێشەكانی لە بازاری گواستنەوە هێڵەكانی بەهێز دەكات و رێگە بەدەستێوەردانیش نادرێت.
بۆیە نەسر ئەگەر بیەوێت لوتكەی خولەكەی بگرێت دەبێت بە شێوازە زانستییەكە گرێبەستەكانی واژۆ بكات و زیادەڕۆیی لە گوێگرتن لە ئامۆژگاری ئەستێرە گەورەکان نەكات.

.
.
.
.