بودجەی گشتیی 2024ـی فیدراڵی بە ژمارە

K24 - هەولێر:
پەرلەمانی عێراق خشتەکانی بودجەی گشتیی 2024ـی فیدراڵی پەسەندکرد، کە لە دانیشتنەکەدا بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار و بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی، بەڕێوەچوو.
به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی فه‌رمانگه‌ی ڕاگه‌یاندنی په‌رله‌مانی عێراق، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر خشته‌كانی (أ/ب/ج/د/هـ/و) له یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 دا و دانیشتنه‌كه‌یشی هه‌ڵگرت.
له‌م باره‌وه لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان خشته‌كانی (أ/ب/ج/د/هـ/و) له یاسای بودجه‌ی گشتیی بڵاو كردووه‌ته‌وه، كه خشته‌ی (أ) تایبه‌ته به داهات وەک ئەوەی بۆ ساڵی 2024 دانراوه. هه‌روه‌ها خشته‌ی (ب) تایبه‌ت كراوه به خه‌رجییه‌كان به گوێره‌ی وه‌زاره‌ته‌كان. خشته‌ی (ج) په‌یوه‌سته به هێزی كاری ئه‌و وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌یانه‌ی به شێوه‌ی ناوه‌ندیه‌تی پاره‌دار ده‌كرێن. هاوكات خشته‌ی (د) تایبه‌ت كراوه بۆ خه‌رجییه‌كانی حاكیمه. هەروەها خشته‌ی (هـ) هه‌ژماره سه‌ره‌كییه‌كان (به‌شه‌كان)ـی له خۆ گرتووه و خشته‌ی (واو)ـیش تایبه‌ت به خه‌رجییه‌كان به گوێره‌ی كه‌رته‌كان و چالاكییه‌كان.
داهاتەکان
کۆی گشتیی داهاتی عێراق دەگاتە 147 تریلیۆن 836 ملیار دینار بەراورد بە بودجەی 2023 بە 13 تریلیۆن 200 ملیار دینار بەرزبووەتەوە. داهاتەکان بەسەر دوو سەرچاوەی سەرەکی دابەش دەبن، داهاتی نەوتی بە 120 تریلیۆن و 496 ملیار دینار کە بە بەراورد لەگەڵ 2023 بە 3 تریلیۆن و 300 ملیار دینار زیادیکردووە، داهاتی نانەوتی بە 27 تریلیۆن و 340 ملیار دینار پێکهێنەری داهاتەکانی بودجەی گشتییە و بەراورد لەگەڵ 2023 بە 10 تریلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.
خەرجییەکان
هاوشان لەگەڵ زیادبوونی داهاتەکان خەرجییەکان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، کۆی خەرجییەکان گەیشتووەتە 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن دینار، بەراورد لەگەڵ ساڵی 2023 بە 13 تریلیۆن دینار بەرزبووەتەوە. خەرجییەکان پێکدێت لە خەرجی بەگەڕخستن 156 تریلیۆن 843 ملیار دینار پێکدەهێنێت و بەراورد بە ساڵی 2023 بە 13 تریلیۆن و 500 ملیار دینار بەرزبووەتەوە، خەرجی وەبەرهێنان 55 تریلیۆن و 17 ملیار دینارە بەراورد بە 2023 بە نزیکەی 500 ملیار دینار دابەزیووە.
کورتهێنان
بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی بەگەڕخستن وێرای بەرزبوونەوەی داهات کورتهێنانی بەرزکردووەتەوە، کۆی کورتهێنانی بودجەی گشتیی عێراق دەگاتە زیاتر لە 64 تریلیۆن دینار.
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا
پشکی هەرێمی کوردستان بە هەردوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان دەگاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 911 هەزار دینار، خەرجی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیۆن و 223 هەزار دینار پێکدەهێنێت، لەو برە 11 ترلیۆن و 580 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دانراوە و بەم شێوەیە مانگانە 965 ملیار دینار بۆ خەرجی ئەم بوارە ڕەوانە دەکرێت.
ڕۆژی (19ـی ئایاری 2024) لە دانیشتنێکی نائاساییدا خشتەکانی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 پەسەندکرد و بڕیاریدا ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بە مەبەستی دەنگدان و پەسەندکردن.
پێشتریش لە (15ـی ئایاری 2024) کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای پێداچوونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 بە بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ لە بەغدا بەڕێوە چوو.