سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، کاروانی ئاوەدانیی کابینەی نۆیەم بەردەوامە

لە هەفتەیەکدا بەردی بناغەی 7 پرۆژە دانرا و ژمارەیەک پرۆژەش کرانەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، کاروانی ئاوەدانیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو شار و شارۆچکەکان بەردەوامە. تەنها لە ماوەی هەفتەیەکدا (27-05-2024 بۆ 03-06-2024)؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە گوژمەی نزیکەی نیو تریلیۆن دینار بەردی بناغەی بۆ ژمارەیەک پرۆژە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان دانا و ژمارەیەک پرۆژەشی کردەوە کە هەمووان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندان.

کردنەوەی پردی ڕانیە – بنگرد لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین

ڕۆژی دووشەممە، 27-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوەرەسمێکدا، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، پردی دەربەندی ڕانیەی کردەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، "سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی و ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی حکومەت بوونەوە، بەڵام هەوڵمان دا بە پێی توانای دارایی بەردەستمان، بە هاوکاری و یارمەتی کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژەی گرنگ لە بواری بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و بەتایبەتیش پرد و ڕێگەوبان جێبەجێ بکەین".

پردی دەربەندی ڕانیە لە 13ـی تشرینی یەکەمی 2020 بەردی بناغەی لە لایەن سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە گوژمەى 11 ملیار و 387 ملیۆن و 745 هەزار و 800 دینار دانرا.

پردەکە لەسەر زێی بچووکە و درێژییەکەی 420 مەتر و 15 مەتر پان و 32 مەتر بەرزە، ئیدارەی ڕاپەرین و شارۆچكەی دووکان و سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە و کار ئاسانییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و بازرگانی و گەشتیاری و کشتوکاڵیدا دەبێت.

 

رێوڕەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە – بنگرد لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ و فەرهاد ئەحمەد)
رێوڕەسمی کردنەوەی پردی ڕانیە – بنگرد لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ و فەرهاد ئەحمەد)

 

دانانی بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژە و کردنەوەی پرۆژەیەک لە سۆران

ڕۆژی سێشەممە، 28-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەکان کۆبووەوە. دواتر بەردی بناغەی چوار پرۆژەی بە گوژمەی زیاتر لە 140 ملیار دینار کە بریتین لە (ڕێگەی دووسایدی 40 مەتریی هۆڵی بۆنەکان – شەهیدانی ئازادی، پارکی ناوشار، پارکی نیشتمانی و ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران) دانا.

 

 دانانی بەردی بناغەی چوار پرۆژە لە سۆران لەلایەن مەسرور بارزانییەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
دانانی بەردی بناغەی چوار پرۆژە لە سۆران لەلایەن مەسرور بارزانییەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

 

دوای دانانی بەردی بناغەی ئەو چوار پرۆژەیە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی "ئەکواپارکی میرۆ لە شنگلبانە" لە قەزای رواندز، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە کە بە گوژمەی زیاتر لە 10 ملیار دینار جێبەجێ کرابوو.

له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاروانی ئاوه‌دانی گه‌یشتووەته‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی ستراتیژی به‌تایبه‌ت له‌ بواری ڕێگاوباندا لە قۆناغی کۆتایی دان، له ‌ده‌سپێكی ئه‌مساڵیش تا ئێستا 33 پرۆژه‌ لە سۆران به‌گوژمه‌ی 21 ملیار و500 ملیۆن دینار خراونه‌ته‌ بواری جێبه‌جیكردن و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكیشدا پڕۆژه‌گه‌لێكی دیكه‌ ڕه‌زامه‌ندیان لەسەر دەدرێت.

 

سەرۆکوەزیران لە کاتی کردنەوەی پرۆژەی
سەرۆکوەزیران لە کاتی کردنەوەی پرۆژەی "ئەکواپارکی میرۆ لە شنگلبانە" لە رواندز (وێنە: فەرهاد ئەحمەد)

 

دانانی بەردی بناغەی دوو پارکی گرنگ لە دهۆک

ڕۆژی دووشەممە، 03-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمێکدا، بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان لە گەڕەکی (بەرۆشکێ)ـی شاری دهۆک، بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دانا.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە یەک ترلیۆن و 100 ملیار دینار، زیاتر لە 971 پرۆژەی لە سنووری پارێزگای دهۆک جێ بەجێ کردووە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەش کراون.

زۆرینەی ئەو پرۆژانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابروودا جێبەجێ کراون، "ئەوانەبوون کە پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەبوون، واتە لە بوارەکانی ڕێگاوبان، پەروەردە، کارەبا، ئاو و چەند بوارێکی دیکەدا بوون".

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کاتی دانانی بەردی بناغەی دوو پارکەکە لە دهۆک
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کاتی دانانی بەردی بناغەی دوو پارکەکە لە دهۆک

 

دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیت

ئەمڕۆ دووشەممە، 03-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیت دانا. درێژایی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 135 ملیار و 584 ملیۆن دینار دروست دەکرێت. بە تەواوبوونی پرۆژەکە، تەواوی ڕێگەی دهۆک – هەولێر دەبێتە دوو ساید.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "دەستمان بەو ڕێکارانە کردووە لەمەودوا ڕێگاوبانەکان لە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروست بکرێن". گوتیشی، "بە گوێرەی ئامارەکان، لەم دواییانە ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمبووەتەوە و ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە".

ناحیەی باعەدرێ دەکەوێتە سەر بە قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک. لە 13 گوند پێک هاتووە. ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی ناحیەکە زیاتر لە 24 هەزار کەسە زۆرینەی دانیشتووانی کوردانی ئێزدین.

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیتی دانا
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیتی دانا