ئەنجوومەنی وەزیران پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکات

K24 - هەولێر:

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ کرد.

ڕۆژی (5ـی حوزەیرانی 2024) بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبووەنەوەکەدا، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی ژینگە کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پاراستنی ژینگە بێت و دەبێ هەموو هەوڵێک لە پێناو پەرەپێدانی فەرهەنگی ژینگەپارێزی بخەینە گەڕ.

سەرۆکوەزیران جەختی لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێم بە بابەتی ژینگەپارێزی کردەوە و گوتی پێویستە ژینگەپارێزی ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و وا بکەین نەوەکانی دوای ئێمەش بە باشی سوودی لێ وەربگرن، چونکە ئەم سرووشتە بە تەنیا موڵکی ئێمە نییە و موڵکی نەوەکانی داهاتووشە، بۆیە پاراستنی و گەشەپێدانی ئەرکی هەموو لایەکمانە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2025-2021) لەلایەن دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو، دوای ئەوەی ئەم پلانە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا، بە داتا و زانیاریی وردەوە، ئاماژە بە ڕێکارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرابوو بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیریش بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لەسەر ئاستی هەر سێ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان ودادوەری کرا.

هەروەها زانیاریی پێویست لەبارەی کار و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم تایبەت بە باشترکردنی دۆخی چاکسازیی و بەندیخانەکان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ خرایەڕوو.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی لە نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم ڕاپۆرتە، ئاماژەی دا بە کارنامەی کابینەی حکوومەتی هەرێم لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کە لە کارە لەپێشیەکانی کابینەیە نۆیەمە و حکومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لە ڕێگەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گرنگیی و بایەخی تەواو بەم بابەتە بدرێت.

لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد بەردەوام بن لە هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پلانی پەسەندکراو وەک بەشێک لە کارنامە و پلانی کابینەی نۆیەم.

لە بڕگەی دووەمدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی لەبارەی دوا هەڵوێستی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت لەم بارەیەوە خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێرای دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیران و گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و هەروەها کۆبوونەوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ و ئەنجوومەنی ئابووری فیدراڵ بەرز نرخاند. ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانیی وپیشەسازیی ڕاسپارد کاری پێویست بکەن لەسەر ئەو پێشنیازانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانە ڕوو بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە گەنمی جووتیارانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانێکی کشتوکاڵی گونجاو و هەروەها ڕێکاریی پێویست لەم بارەیەوە بگرنەبەر بە پێی ئەو پێشنیارانەی لە ڕاپۆرتی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو هاتبوون.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرا.

سەرۆکوەزیران و شاندی دانوستانکار باسیان لە کۆبوونەوە و هەوڵ و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرد کە لەم ڕووەوە، کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هەر بۆ ئەم مەبەستەش، وا بڕیارە لە سەرەتای حەفتەی داهاتووش، شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەیەکەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارە بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنیەوە لە مانگی ئاداری ساڵی پارەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی گشتی عێراق و هەرێمیش گەیشتووە.

لە کۆبوونەوەدا ڕێنوێنی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ شاندی دانووستانکار دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جدیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە ڕێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستوورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت، لەم چوارچێوەیەدا حکوومەتی هەرێم ئامادەی گفتوگۆ و دانوستان و گەیشتنە بە ڕێککەوتن.