سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، لێکگەیشتنە ئەرێنییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لەپێناو چارەکردنی ڕیشەیی کێشەکان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی 2024)، لە سەڵاحەددین سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
بارەگای بارزانی لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە دیدارەکەی نێوانیان باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و عێراق و دوا پێشهات و گۆڕانەکان کرا، و تیشک خرایە سەر ئەو بەرەوپێشچوون و لێکگەیشتنە ئەرێنیانەی کە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ هاتوونەتە ئاراوە لە پێناو چارەکردنی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەو ئاستەنگ و کێشە ئەمنی و سیاسیانە کرا کە لەو ناوچانەدا بۆ دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە دروست دەبن، و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە رێگەچارەی گونجاو بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە بدۆزرێنەوە.
پێشهات و گۆڕانکاری و بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
