وەزیری سامانە سروشتییەکان: کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 27مین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووریی سانت پیتەرسبۆرگ لە ڕووسیا بەشدارن، ئەمڕۆش بەشداریان لە چەند پانێلێک کردووە و بڕیاریشە لەگەڵ چەند کاربەدەستێکی ڕووسیا کۆببنەوە.
لەو بارەوە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هاتنی ئێمە وەکو شاندی هەرێمی کوردستان، لەسەر داوەتنامەیەک بوو کە بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی هاتبوو".
گوتیشی: ساڵانە ئەو کۆنفرانسە لە سانت پیتەرسبۆرگ دەکرێت، بۆیە سەرۆکی حکوومەت داوای کرد ئێمە لەم کۆنفرانسە ئامادە بین. ئەمڕۆش پانێلێک لەسەر وزە بەڕێوە چوو کە چەندین وەزیری کەسایەتیی وڵاتان تێیدا بەشدار بوون، وەکو "سەرۆکوەزیرانی ڕووسیا، وەزیری نەوتی سعوودیە، وەزیرانی ئیمارات و فەنزوێلا، هەروەها گازپڕۆم".
کەمال محەممەد ڕاشیگەیاند، "ئەو کۆمپانیانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن تەنیا کۆمپانیای ڕووسیا نین بەڵکو کۆمپانیای ئەمەریکی و ئەورووپای و تورکین؛ چونکە لەدەستپێکی بەرهەمهێنانی نەوت مامەڵەیەکی ڕاست لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە کراون، بەڵام بەهۆی کارکردنی کۆمپانیاکانی "گازپڕۆم و ڕوسنەفت" لە هەرێمی کوردستان، کە ڕۆلێکی باشیان لە سیاسەتی ڕووسیادا هەیە ئێمەش بەشدارین لەو کۆنفرانسە."
دەشڵێت: " نزیکەی ساڵێک و سێ مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، بۆیە هەوڵی سەرەکی ئێمە و ئەو کۆمپانیانە ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە و کۆمپانیاکانیش پەرە بە کێڵگە نەوتییەکان بدەن و بەرهەم زیاد بکەن".