بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی: ئامێرەکانی ڕاکێشان و پێدانی پارە لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەین

ساتی ئیمزاکردنی گرێبەستی هەژماری من و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی
ساتی ئیمزاکردنی گرێبەستی هەژماری من و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی

K24 – هەولێر:

دوای بەشداری کردنی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە پرۆژەی هەژماری من، بانکەکە ڕایگەیاند، سەرەڕای زیادکردنی لقەکانی لە هەرێمی کوردستان، ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) و پێدانی پارە (POS) زیاتر دەکات.

بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، هەشتەم بانکی بەشداربووی پرۆژەی هەژماری منە بۆ بانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەری دامودەزگاکانی حکوومەت تێیدا خۆیان تۆمار کردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە: بەشداری کردنیان لە پرۆژەی هەژماری من لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بانکەکە دێت بۆ فراوان کردنی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان و پلانیان هەیە ژمارەی لقەکانیان کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ لقە، زیاتر بکەن.

هەروەها بانکەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: هاوبەشی کردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە هەوڵە ئامانجدارەکان بۆ زیاتر بەهێزتر کردنی کولتووری مامەڵەکردن لە ڕێگەی بانکەوە، وەک بەشێک لە ئاراستەی کارکردنی بانکی ناوەندیی عێراق. بۆ ئەو مەبەستەش، بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ زیادکردنی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) و پێدانی پارە (POS) لە هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی (6ـی حوزەیرانی 2024) تیمی پرۆژەی "هەژماری من" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشكرای کرد، بـانـکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) بووە هەشتەمین بانک بەشداریی لە پرۆژەکەدا بکات و ئێستا لە کاتی خۆ تۆمارکردن، بەشداربووانی پرۆژەی "هەژماری من" دەتوانن بانکی دڵخوازی خۆیان لە نێو هەشت بانکە بەشداربووەکەی پڕۆژەکە هەڵبژێن و "بانکی دیکەش لە ماوەیەکی نزیکدا بەشدار دەبن".

به‌ گوێره‌ی ئامارەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوه‌كو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.

ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه‌)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB)  لەخۆ دەگرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی "هەژماری من" و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە "ATM"ـەوە مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرت. چاوەڕێش دەکرێت، ژمارەکە بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی ئایار زیاتر ببێت.

هەژماری من، ژمارەیەک خزمەتگوزاریی و سوود بۆ بەشداربووانی دەستەبەر دەکات، گرنگترینیان، خزمەتگوزاری دارایی، پاداشتی هاوبەشی، توانای ڕاکێشانی پارە لە سەرجەم ئامێرەکان و کارپێکردن لە سەرانسەری جیهان و ئاسایشێکی باشتری دارایی فەراهەم دەکات.

پرۆژەی هەژماری من و بانکە بەشداربووەکان لەلایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە دانپێدانراون، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەختدەکاتەوە، (هەژماری من) گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی جێبەجێ کردووە.

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی، پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە، تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.