بانکی TBI دووەم کۆمەڵە کارتی بانکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕادەستی تیمی هەژماری من کرد
K24 - هەولێر:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) دووەم کۆمەڵە کارتی بانکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕادەستی تیمی هەژماری من کرد.
ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) تیمی هەژماری من ڕایگەیاند: بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) دووەم کۆمەڵە کارتی بانکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕادەستی تیمی هەژماری من کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (4ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان ڕادەستی تیمی هەژماری من کرد، کە پێک هاتبوو لە کارتی بانکی (368) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها ڕۆژی (8ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی "پرۆژەی هەژماری من" بۆ چوارەمین هەفتە لەسەریەک، هەستاین بە ناردنی ناوی (539) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بانکی TBI.
ڕۆژی (16ـی ئایاری 2024)، لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من"، یەکەمین لیستی فەرمانبەران کە لە زانیاریی (368) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان پێک هاتبوو، درایە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI).
ڕۆژی (8ـی ئایاری 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات.
به گوێرهی ئامارەکانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، تاوهكو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.
ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لەخۆ دەگرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی "هەژماری من" و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە "ATM"ـەوە مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرت. چاوەڕێش دەکرێت، ژمارەکە بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی ئایار زیاتر ببێت.