کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتە زیاتر لە 37 هەزار کەس
وەزارەتی تەندروستیی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، دوا ئاماری قوربانیانی شەڕی ڕاگەیاند و ئاماژەی داوە، کۆی قوربانیان گەیشتووەتە 37 هەزار و 232 کەس.
هەر بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتەکە، لە سەرەتای شەڕی حەماس و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل 85 هەزار و 37 کەسی دیکە برینداربوون.
هەروەها ڕایگەیاندووە، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، بە گوێرەی ئەو ئامارەی لە نەخۆشخانەکان کۆکراوەتەوە، تاوەکوو بەرە بەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، 30 کەس کوژراون و 105 کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستی سەر بە حەماس کە غەززە ئاماژەی داوە، زۆرینەی قوربانییەکان خەڵکی سڤیلن و لە نێویشیاندا بەشێکی زۆریان منداڵ و ئافرەتانن.
بڵاوکردنەوەی ئامارێکی نوێی قوربانیانی کەرتی غەززە لە کاتێکدا، چەند ڕۆژێکە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ پرسی ئاگربەستی شەڕ و فشار خستنە سەر بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، هەشتەم جارە دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەم سەردانەیدا بلینکن هەوڵ دەدات هەردوو لایەنی شەڕەکە ڕازی بکات بە ڕاگرتنی شەڕ و جێبەجێ کردنی دەست پێشخەرییەکەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کە بۆ ئاگربەست لە کۆتایی مانگی ئایار ڕایگەیاندووە.