وەزارەتی دارایی: نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەر مووچەکانیان لەڕێگەی 'هەژماری من'ـەوە وەرگرت
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی 'هەژماری من'ـەوە وەرگرت، ئەو ژمارەیە دوو هێندەی مانگی ڕابردوو بوو.
پێنجشەممە (13ـی حوزەیرانی 2024)، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی 'هەژماری من'ـەوە وەرگرت، دەشڵێت، ئەو ژمارەیە دوو هێندەی ژمارەی مانگی ڕابردوو بوو، ئاماژە بەوە دەکات، بەرزبوونەوەی ئەو ژمارەیە دوای ئەوە هات کەوا لەماوەی ڕابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو.
وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت، ئامانج لەم پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە، هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەرییەوە هەبێت، ئاشکرای کردووە، لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاوڵاتییان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتریان لایان دروست ببێت، چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، باشترین خزمەتگوزاریی و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لەسەر ئاستی عێراقدا پێشکەش دەکەن.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، تا کۆتایی ئەمساڵ و لەڕێگەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن.