هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە ڕووداوەکانی خنکان و شێوازی خۆپارێزی دەستیپێکرد

تیمی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە ڕووداوەکانی خنکان و شێوازی خۆپارێزی
تیمی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە ڕووداوەکانی خنکان و شێوازی خۆپارێزی

بەڕێوەبەرایەتیەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان، هەڵمەتێکیان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و گەشتیاران و هۆشیارکردنەوەیان لەچۆنیەتی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لە ڕووداوی خنکان دەستپێکرد.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بڵاوی کردەوە،  بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و گەشتیاران و هۆشیارکردنەوەیان لەچۆنیەتی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لە ڕووداوی خنکان، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجامدرا و هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت.

 ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان ئاماژە بەوە دەکات، تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ڕاپەڕین، بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی هاووڵاتیان  و گەشتیاران لە ڕووداوی خنکان، کە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوو لە ناوچەکانی نزیک سەرچاوە ئاوییەکان و زێ و دەریاچەکان دەکەن، ڕێنمایی و زانیاریی پێویستیان لە ڕێگەی پسوولەی هۆشیارییەوە بەو هاووڵاتیی و گەشتیارانە دا، تاکوو خۆیان و دەوروبەریان بپارێزن لە خنکان و مەلە نەکردن لە ناوچە قەدەغەکراوەکان.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان ئاشکرای دەکات، ئەم هەڵمەتە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە درێژایی ڕۆژانی جەژن بەردەوام دەبێت تاکوو ئەم ڕووداوانە ڕوو لە کەمبوونەوە دەکەن، ڕاشیدەگەیەنێت، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕووداوی خنکان،  وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای بۆئەم مەبەستە پێکهێناوە و هەوڵەکان بۆ هۆشیارکردنەوە و گرتنەبەری ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی دیاردەی خنکان بەردەوامن.