سەرۆکوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە بۆ هێنانەوەی تەرمی کۆچبەرانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا

دوای ئەوەی لە 17ـی ئەم مانگە مێدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە، کە بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا نقوم بووە و بەشێکی زۆریان بێ سەروشوێن بوون کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی تێدابووە کە ویستوویانە بپەڕنەوە بۆ ئیتاڵیا.

هەر لەو ڕووداوەدا دوو خێزانی 11 کەسی کە تەنیا سێ کەسیان ڕزگارکراون و ئەوانی دیکەش بێسەروشوێن بوون، لەوبارەوە "عەلی ئەحمەد" کەسی نزیکی ئەو دووخێزانە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو دوو خێزانە وەکو خەڵکانی دیکە بڕیاریان دا بچنە ئەوروپا و لەوێ درێژە بەژیانی خۆیان بدەن، هەرچەندە زۆریش پێمان گوتووبوون نەچن، بەڵام ئەوان بڕیاریان دابوو بڕۆن.

گوتیشی: "ڕۆژی یەکشەممە لە ئیستەنبۆڵەوە بەرەوە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بە ڕێکەوتوون، تاوەکو دووەم و سێیەم ڕۆژیش هەواڵیان هەبوو، بەڵام لەدوای ئەوەوە هەواڵیان نەما و تاوەکو ئەو ڕووداوە ڕوویدا، کە هەندێکیان ڕزگارییان بوو".

باسی لەوەشکرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڕووداوەکە لە ئاژانسەکان زانیمان ئەو ڕووداوە ڕوویداوەم کە لەهەمان کاتدا ئەوان بەڕێگاوە بوون، دواتر پەیوەندیمان بە قاچاخچییەکانەوە کرد وەڵامیان نەداینەوە.

عەلی ئەحمەد، ئاماژەی بەوەش دا، ئەو سێ کەسەی کە لە خێزانەکەمان ڕزگارییان بووە ڕەوشی تەبدروستی و دەروونیان جێگیر نییە و لە ژێر چاودێری پزیشکانی ئیتاڵیا دان. سەبارەت بەقوربانییەکانی دیکە گوتی: هیچ زانیاریمان نییە کە بێسەروشوێنەکان دۆزراونەتەوە یاخود نا.

عەلی ئەحمەد ڕاشیگەیاند، "هەرچەندە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی وەک خەمخۆری هاووڵاتیانی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە بێنە سەر خەت بۆ هێنانەوەی تەرمەکان ئەگەر بدۆزرێنەوە، بەڵکو لەو ئازارەکان کەم بێتەوە کە هەمانە".

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەسەر داوای سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ دوو کەسمان ڕەوانەی ئیتاڵیا دەکرێت بۆ ناسینەوەی تەرمەکان و ئاگادار بوون لە دۆخەکە، هەموو ڕێکارەکانیش گیراوەتە بەر.