بەڕێوەبەری سامانی ماسی: لە ڕۆژی هەینییەوە قەدەغەی ڕاوی ماسی هەڵدەگیرێت
بەڕێوەبەری سامانی ماسی ڕایگەیاند، لە ڕۆژی هەینییەوە قەدەغەی ڕاوی ماسی هەڵدەگیرێت و دەتوانرێت بەپێی ڕێنماییەکان ماسی ڕاو بکرێت، گوتیشی، زۆرینەی بەرهەمی پڕۆژەکانمان ماسی "کارب" ە.
بێستون بەکر، بەڕێوەبەری سامانی ماسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی هەینییەوە قەدەغەی ڕاوی ماسی هەڵدەگیرێت و دەتوانرێت بەپێی ڕێنماییەکان ماسی ڕاو بکرێت. ئامانجیش لە قەدەغەکردنەکە ئەوەبوو کە لە وەرزی زاوزێدا ماسییەکان ڕوودەکەنە گۆماو و ڕووبارەکان و ڕاوکردنیان زۆر ئاسان دەبێت، بەمەش زۆربەیان لەناو دەچن.
بێستون بەکر، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە لەبەر ئەوە ڕاوکردن قەدەغە دەکەین تاوەکوو ماسییە دایکانەکان بپارێزین بۆ ئەوەی گەرا بکەن. ئێمە بەپێی یاسای ژمارە 48 کە لەساڵی 1976 دانراوە، دەسەڵاتی بە ئێمە داوە کە قەدەغەکردنی ڕاوی ماسی ڕابگەیەنین، بەگوێرەی زۆرینەی دیراساتەکان چەند جۆرێکی ماسیمان هەیە کە هەریەکە و لە مانگێک و لە پلەیەکی گەرمیدا گەرا دەکەن، بۆیە ئێمە ماوەی سێ مانگ و 15 ڕۆژمان داناوە تاوەکو دایکانەکان گەراکانیان دەکەن، بەوەش ئامانجەکانمان بەدی هاتووە.
ڕاشیگەیاند، ئەوانەی ڕاوچیی بە ئەزموونن، خۆیان ساڵانە لە کاتی وەرزی قەدەغەکردنی ڕاوەماسی واز لە ڕاوکردن دەهێنن، بەڵام ئەو ڕاوچییانەی دیکە کە دەیانەوێت ڕاوبکەن پۆلیسی دارستان کە پاسەوانیی لەسنوورە ئاوییەکان دەکەن، ڕێگرییان لێدەکەن و دەستگیریان دەکەن .
بەڕێوەبەری سامانی ماسی، باسی لەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ هاوردەکردنی هیچ جۆرە ماسییەکمان ڕانەگرتووە. هەروەها چەند پڕۆژەیەکی ماسی سەلەمونمان هەیە کە ئێستا کەوتوونەتە بەرهەمهێنان. بۆیە لێکۆڵینەوە دەکەین ئەگەر بزانین زیان دەکەن، چاو بە بڕیاری هاوردەکردندا دەخشێنینەوە و هاوکارییان دەکەین و مۆڵەتی هاوردەکردن ڕادەگرین تاوەکو بەرهەمەکانیان ساخ دەکەنەوە.
دەشڵێت، زۆرینەی بەرهەمی پڕۆژەکانمان ماسی "کارب"ە کە زۆر بەسوودە بۆ مرۆڤ و ساڵانە پێویستە هەر تاکێک 16 کیلۆ ماسی بخوات.