نوێنەری حکوومەت لە ئیتاڵیا: ژمارەی دروستی قوربانیانی یەختە نقومبووەکە دیار نییە
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا دەڵێت، تاوەکو ئێستا ژمارەی دروستی قوربانی و سەرنشینانی یەختە نقومبووەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا دیار نییە و هەموو هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی تەرمی سەرنشینانی یەختەکە دەدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-06-2024، ڕێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە، ژمارەی قوربانی و سەرنشینانی ئەو یەختەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا نقومبوو، چەند کەسن".
ڕێزان حەمە ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی بە فەرمی لەلایەن حکوومەتی ئیتاڵیاوە پێمان گوتراوە، 67 کەس لەنێو یەختەکەدا بوون و زۆرینەیان بێ سەروشوێنن. توانراوە 11 کەس ڕزگار بکرێن و ئێستا لە چەند نەخۆشخانەیەکی ئیتاڵیا چارەسەرییان بۆ دەکرێت. هەروەها تەرمی چوار کەس دۆزراوەتەوە، سێیان لەنێو ئاودا خنکاون و یەکێکی دیکەشیان لە ڕێگە کاتێک بردراوە بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە".
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "لەگەڵ حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیتاڵیا لەسەر هێڵین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دۆزینەوەی تەرمی سەرنشینەکانی دیکەی یەختە نقومبووەکە. هاوکات لێکۆڵینەوە لەلایەن حکوومەتی ئیتاڵیاوە لە ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە".
وەکو ئەوەی ناوبراو باسی کرد، "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و لەسەر خەرجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەرمی قوربانیانی یەختە نقومبووەکە دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان. ئێستا هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە لە زووترین کاتدا تەرمی سەرنشنیان بدۆزینەوە". گوتیشی، "هەر کۆچبەرێکی ڕزگاربووی یەختەکە بیەوێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، لەسەر تێچووی حکوومەت دەگەڕێندرێتەوە".
بە گوتەی ڕێزان حەمە ساڵح، "یەختەکە نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە سنووری ئیتاڵیاوە دوور بووە. سەرنشینەکان دوای نقومبوونی یەختەکەیان چەند ڕۆژێک لەنێو ئاوەکەدا ماونەتەوە و کەس بە هاناوەیانەوە نەچووە. دواجار بەلەمێک ئەوانی دۆزیتەوە و ڕزگاری کردوون".
لە لایەکی دیکەوە مێرد منداڵێک بەناوی "میران عەبدولقادر" کە یەکێکە لە ڕزگاربووانی یەختە نقوم بووەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا بە ئاوارە هەورامی، نێردراوی کوردستان24 بۆ ئیتاڵیا ڕاگەیاند، "ئێمە لەگەڵ ماڵی پوورم 11 کەس بووین لەو یەختەدا، تەنیا سێ کەسمان ڕزگارمان بووە". گوتیشی، "تەنیا خێزانی ئێمە شەش کەس بووین بە ماڵی پورمەوە 11 کەسبووین. لەو 11 کەسە تەنیا من و دایکم و کچە پوورێکم ماینەوە، ئەوانی دیکە هەموویان لە برسان گیانیان سپارد".
میران کە دانیشتووی هەولێرە باسی ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت، "قاچاخچییەکە بەئەنقەست وایکرد، ئێمە کاتێک لەسەرەوەی یەختەکە بووین، ئەو چووە خوارەوە یەختەکەی تەقاند و کونی کرد، دواتر پەروانەکەی شکاند".
میران ئاماژەی بەوەش دا، "قاچاخچییەکە ویستی هەڵبێت بەڵام نەمانهێشت، دواتر ئاومان لە یەختەکەدا فڕێدا، پاشان وەرگەڕا، دواتر کە چووینە سەرەوە ڕاست بوویەوە و بەشەپۆڵی ئاو دەڕۆیشت". دەشڵێت،" 10 ڕۆژ لەناو ئاودا بووین، خێزانەکەمان هەموویان لە بەر بێ نان و ئاویدا مردن."