بەرگریی شارستانیی هەرێم: ئامێرە کارەباییە زیادەکان بکوژێننەوە

بەگریی شارستانیی هەرێم ئاگاداریی هاووڵاتییان دەکاتەوە، بۆ کەمکردنەوەی باری قورسی سەر تۆڕەکانی کارەبا، ئامێرە کارەباییە زیادەکان بکوژێننەوە.
پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024)، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم بڵاوی کردەوە، بۆ خۆپارێزی لەگەڵ هاتنی یەکەم ڕۆژی وەرزی هاویندا، پێویستە ئۆتۆمبێلەکان لە کاتی وەستانی درێژیان،خواردنەوەی گازیی و چەرخ و بوتڵی ئاو، بۆن و پاوەر بانکی تێدا نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە پەنجەرەی ئۆتۆمبێل کەمێک بکرێتەوە و تانکی بەنزیک پڕ نەکرێت، تایەی ئۆتۆمبێلیش زیاد لە پێویست پڕ نەکرێت، بەتایبەتی لە گەشتە دوورەکان.
بۆ خۆ پارێزی هاووڵاتیانیش داوای کردووە، بڕێکی زۆر ئاو و شلەی جۆراوجۆر بەتایبەت لەکاتی بەرکەوتنی تیشکی خۆردا بخۆنەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی شلەمەنی لە لەشدا، هۆشداریشی داوە لەوەی بوتڵی غاز لەبەر تیشکی خۆر دانەنێن، لۆدی زۆر نەخەنە سەر سویچ پلاکەکان، ئەیرکۆندیشن بکارنەکات تەنها لەو شوێنانە نەبێت کە خێزانەکە یان یەکێک لە ئەندامەکانی ئامادەبن.
دەشڵێت، وایەرەکانی کارەبا لۆدی زیاد لە توانای دیاریکراوی خۆی نەخرێتە سەری، تەقسیمی کارەبایی بۆ چەند ئامێرێک بەکارنەهێندرێت، لە ماوەی کاتژمێر 11ی بەیانی تا 3ی پاش نیوەڕۆ خۆیان لە بەرکەوتن بە تیشکی خۆر بپارێزن، ئامێرە کارەباییە زیادەکانیش بۆ کەمکردنەوەی باری قورسی سەر تۆڕەکانی کارەبا بکوژێننەوە.
هۆشداریی بە خاوەن موەلیدەکانیش داوە کە، پێویستە خاوەن موەلیدەکان گەیەنەری کوالیتی بەرز دابنێن و وایەری جاڵجاڵۆکەیی هەڕەمەکی بەکارنەهێنن، داوای لە جووتیارانیش کردووە، پاشماوەی دروێنەی بەروبوومی گەنم و جۆ نەسوتێنن بە مەبەستی ئامادەکردنی زەوی بۆ دووبارە چاندنەوە، چونکە هەر کەسێک ئەوە بکات، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
بەرگریی شارستانیی هەرێم دەڵێت، بەهەموو جۆرێک مەلەکردن لە ڕووبار و چەمەکان قەدەغەیە جگە مەلەوانگە ڕێگەپێدراوەکان، بە بەکارهێنانی پێداویستیەکانی سەلامەتی.
دەشڵێت، چەتری پارێزەر لە تیشکی بەتینی خۆر ، ڕاستترین ڕێکارە بۆ سەلامەتی پێستی مرۆڤ بەکاربێنن، باخ و دارەکان بۆ پاراستنیان ئاو بدەن بەڵکو کەشی دەوروبەری باخچەکان باشتر دەبێت. سەرباری ئەوە چەندین نافورەی ئاو لە گۆڕەپان و پارکە گشتییە جیاوازەکان بۆ باشترکردنی کەش و هەوای گەرم بەکار دەخرێن. هاوکات درەختی هەمیشە سەوزی زیاتر دەچێنن بۆ دابینکردنی سێبەری گونجاو، هەروەها بۆ نەرمکردنی بەرگەهەوا و دابینکردنی ئۆکسجین بۆی.
ئاگاداری هاووڵاتییانی کردووەتەوە کە بۆ پێویستی و خێرایی پەیوەندی کردن بە تەلەفۆنی کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانیی دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە (115) بکەن بە بێ بەرامبەر لە هەموو هێڵ و تۆڕەکانەوە لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەناکاو لە پارێزگاکانی ( هەولێر ، سلێمانی ، دهۆک ، هەڵەبجە ) و ئیدارە سەربەخۆکانی ( سۆران ، گەرمیان ، راپەرین ، زاخۆ ، ئاکرێ).