ئیتاڵیا نۆ تەرمی دیکەی بەلەمە تێکشکاوەکەی کەناری کالەبریای دۆزیەوە
میدیاکانی ئیتاڵیا ئاشکرای دەکەن، پاسەوانەکانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا ئەمڕۆ نۆ تەرمی دیکەی بەلەمە تێکشکاوەکەی کۆچبەرانیان لە نزیک کەناری کالەبریا دۆزیوەتەوە.
میدیاکانی ئیتاڵیا ئاماژە بەوە دەکەن کە، ئەگەری هەیە 60 کەس لە تێکشکانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا بێت کە 26 شیان منداڵن.
ئاژانسی هەواڵی ئانسای ئیتاڵی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە پاسەوانەکانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا تەرمی نۆ کۆچبەری دیکەی بەلەمە تێکشکاوەکەی نزیک کەناری کالەبریا، لە دەریای ئایۆنی دۆزیوەتەوە، ئاژانسەکە دەشڵێت، تەرمەکان لەنزیک بەلەمە تێکشکاوەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو دۆزراونەتەوە بە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە دووری کەناری کالەبریا.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو میدیا ئیتاڵییە، بەلەمەکە هەشت ڕۆژ پێش ئێستا لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو، بەهۆی تێکشکانی، نزیکەی 60 کەسی بێسەروشوێن کرد لەنێویاندا 26 منداڵ هەن.
ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لاشەی هەشت کۆچبەری دیکەیان دۆزیوەتەوە، ئاماژە بەوەش دەکا، ئەمە دووەم خراپترین کارەساتی کۆچبەرانە لە ئیتاڵیا دوای تێکشکانی کەشتییەک لە مانگی شوباتی 2023 لە شاری کاترۆ لە کالەبریا کە تیایدا بەلایەنی کەمەوە 94 کۆچبەر لەنێویاندا 35 منداڵ گیانیان لەدەستدا.