بەرگریی شارستانیی: 348  ڕووداوی ئاگری پوش و پەلاش زیانی زۆری بە هاووڵاتیان گەیاند

ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە
ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە

بەرگریی شارستانیی هەرێم ئاشکرای دەکات، پلانەکانی چوار ڕۆژی جەژن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرا، لەگەڵ ئەوەی 348  ڕووداوی ئاگری پوش و پەلاش زیانی زۆری بە هاووڵاتیان گەیاند.

پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024)، بەرگریی شارستانیی هەرێم بڵاوی کردەوە، بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ چوار رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز لەلایەن بەرێوەبەرایەتیەکانی بەرگریی شارستانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم دانرابوو بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان ، پلانەکان وەک خۆی بەسەرکەوتوویی و بەبێ گرفت جێبەجێکرا .

ئاماژە بەوە دەکات، بەڕێوەبەر و ئەفسەر و کارمەندانی تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەماوەی چوار رۆژی جەژن لە ئەرکدا بوونە بۆ پاراستنی هاونیشتیمانیان.

بەرگریی شارستانیی هەرێم ئاشکرای کردووە، لەو چوار ڕۆژەی جەژندا  404 ڕووداو تۆمار کراون، لە کۆی ئەو ڕووداوانەش ( 348 ) ڕووداوی ئاگری پوش و پەلاش بووە کە زیانی زۆری بە هاووڵاتیان گەیاندووە، هاوکات حەوت ڕووداوی خنکان لە ئاو و ڕووبارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەشێوەیەک دوو هاووڵاتی لە پارێزگای سلێمانی ، دوو  هاووڵاتیی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هاووڵاتییەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوو هاووڵاتیی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان  تۆمارکراون، پێنج هاووڵاتیش لە خنکان ڕزگار کراون.

ئاشکرای دەکات، ڕووداوێکی هەڵدێرانی هاووڵاتییەک لە شاخ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمارکراوە کە بەداخەوە هاووڵاتییەکە گیانی لەدەست داوە و تا ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سۆرانە و خاوەنی دیار نیە .

پێشتر،سەرکەوت کاڕەش، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار و 292 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی هەڵدێران و خنکان و ڕووداوەکانی دیکە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تۆمار کراون،  لە پارێزگای هەولێر 358 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 351 ڕووداو، لە پارێزگای سلێمانی 217 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 132 ڕووداو، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 115 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین 98 ڕووداو، لە پارێزگای هەڵەبجە 21 ڕووداو.

بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەرگریی شارستانیی هەرێم، ئاماژەی بەوە کرد، بە هۆی ئەم ڕووداوانەوە،  بە گشتیی62 کەس مردوون، لەئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین 17 کەس، لەپارێزگای هەولێر 16کەس، لەپارێزگای دهۆک 9 کەس، لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 8 کەس، لە پارێزگای سلێمانی 8 کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران  یەک کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ  یەک كەس، لەپارێزگای هەڵەبجە یەک کەس و لە ئاکرێش یەک کەس.