سیروان عەبدولڕەحمان: لەگەڵ کونسوڵخانەی عێراق لە جەددە لەسەر هێڵین بۆ دۆزینەوەی حاجییە ونبووەکان

K24 – هەولێر:
نوێنەری حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف لە دەستەی باڵای گشتیی حەج و عومرەی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ کونسوڵخانەی عێراق لە جەددە لەسەر هێڵین بۆ بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو حاجییە کوردانەی کە ونبوونە یان دەستبەسەر کراون.
ئەمڕۆ هەینی (21ـی حوزەیرانی 2024) سیروان عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف لە دەستەی باڵای گشتیی حەج و عومرەی عێراقی، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری ئەوقاف ڕاسپێردراوم بۆ کاروباری ئەو حاجییە کوردانەی کە بە ڤیزای ساڵی هاتوونە بۆ سعودییە.
ناوبراو دەڵێت: لەگەڵ کونسوڵخانەی عێراق لە جەددە لەسەر هێڵین بۆ دۆزینەوەی ئەو حاجییانەی کە لە مەککە ونبوونە و تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە.
ئەو نوێنەرەی حکوومەتی هەرێم لە دەستەی باڵای گشتیی حەج و عومرەی عێراقی، باسی لەوە کرد، تاوەکوو ئێستە 19 حاجی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککە کۆچی دواییان کردووە و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە، هەروەها 10 حاجیش لە شاری مەککە دەستبەسەر کراون، بە دواداچوونمان کردووە لەگەڵ پارێزەری کونسوڵخانەی عێراق لە جەددە بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی 30 پاسپۆرتی کاتیی بۆ گەڕانەوەی ئەو حاجییە کوردانە دروستکراوە کە لە شاری مەککە پاسپۆرتەکانیان ون کردووە.