تەرمی چوار حاجی دیکەی هەرێمی کوردستان لە مەککە دۆزرانەوە

وێنەی هەر چوار حاجییەکە
وێنەی هەر چوار حاجییەکە

K24 – هەولێر:

تەرمی چوار حاجی دیکەی هەرێمی کوردستان کە پێشتر لە کەسوکاریان دابڕابوون، دۆزرانەوە بەمەش ژمارەی حاجییە کۆچکردووەکانی هەرێمی کوردستان لە وەرزی حەجی ئەمساڵ بۆ 23 حاجی بەرزبووەوە.

ڕۆژی هەینی (21ـی حوزەیرانی 2024) کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ تەرمی چوار حاجی دیکەی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککە دۆزرانەوە بە ناوەکانی (سافیە تاهیر – دانیشتووی قەزای بەردەڕەش، خالیدە عەباس دانیشتووی ئیدارەی گەرمیان، ئازاد حەسەن دانیشتووی ئیدارەی سۆران و دڵخواز قادر دانیشتووی قەزای شەقڵاوە).

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ژمارەی حاجییە کۆچکردووەکانی هەرێمی کوردستان لە وەرزی حەجی ئەمساڵ، گەیشتە 23 حاجی کە 22 حاجییان بە ڤیزای یەک ساڵی گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردبوو.

ئەو حاجییانەی ئەمڕۆ هەینی تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە، پێشتر ونببوون و هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ کەسوکار و هاوەڵەکانیان لە گەشتی حەجدا نەمابوو، لە درێژەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی حاجییە ونبووەکان، تەرمەکانیان دۆزرایەوە کە پێدەچێت بەهۆی کاریگەرییەکانی گەرما لەسەر تەندروستییان گیانیان لەدەستدا بێت.

لەلایەن خۆیەوە، سیروان عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە دەستەی باڵای گشتیی حەج و عومرەی عێراقی ڕایگەیاند: لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور لەگەڵ کونسوڵخانەی عێراق لە جەددە لەسەر هێڵین بۆ دۆزینەوەی ئەو حاجییانەی کە لە مەککە ونبوونە و تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە.

هاوکات وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ ئاگا‌دارییه‌كی ڕایگه‌یاند، ئەو هاووڵاتییانەی کە بە ڤیزای ساڵی، گەشتیی سعوودیەیان کردووە و لە مەرزی عەرعەر گیریان خواردووە، ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پاسی تایبەت بۆ هەولێر، دهۆک و سلێمانی.

ڕۆژی شه‌ممه‌ (15ـی حوزه‌یرانی 2024) دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە ڕایگەیاند: کۆی گشتیی ژمارەی حاجییان بۆ ئەمساڵ ملیۆنێک و 833 هەزار و 164 حاجییە، کە لەو ژمارەیەدا ملیۆنێک و 611 هەزار و 310 حاجی وڵاتانی دەرەوەی سعوودیەن و 221 هەزار و 854 حاجی هاووڵاتی و نیشتەجێی سعوودیەن.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.

پێشتریش ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەموو ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی حاجییان بۆ هەرێمی کوردستان کراوە، یەکەم کاروانی حاجییان لە ڕێگەی وشکانییەوە ڕۆژی شەممە (22ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێدەکەون بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕۆژی دووشەممە 24ـی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجییان بە فڕۆکە، کاتژمێر 9:15ـی بەیانی دەگەڕێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها کاتژمێر 12ـی شەوی هەمان ڕۆژ، کاروانی دووەم دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە ئاماژەی بەوەشکرد: 29ـی ئەم مانگە دوا کاروانی حاجییان لە سعوودیەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.