موعین کازمی: بەم هاوینە ڕۆژانە چەندان کاتژمێر کارەبا لە پارێزگاکانی عێراق دەبڕێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، داوامان لە وەزارەتی کارەبا کردووە بایەخ بەدابەشکردنی کارەبا بدات و هەروەها چاکسازیی لە تۆڕەکانی کارەبادا بکات و سیستەمێکی نوێ دابنێت.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی کارەبا بەرپرسی سەرەکییە لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی وزەی کارەبا بەسەر سەرجەم ناوچەکانی عێراق، ساڵی 2004ەوە بڕی چوار هەزار مێگاوات بەرهەم دەهێنرا، بەڵام ئێستا 26 هەزار مێگاوات بەرهەم دەهێنێت، ئەوەش هێشتا بەس نییە و بۆ دابین کردنی پێداویستیی پارێزگاکان عێراق بەتایبەت لە وەرزی هاویندا کە پلەکانی گەرما دەگەنە سەرووی 50 پلەی سیلیزی.
گوتیشی: پشکی وەزارەتی کارەبا لە بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا پشکێکی باشی بۆ دانراوە بۆ چاکسازیی لە وێستگەکانی کارەبا، هەروەها گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی "ئەلەکتریک و سیمێنس" کراوە، لەگەڵ ئەوەش دا وەزارەتی کارەبا پارەی بۆ تەرخان کراوە بۆ دروستکردنی وێستگەی نوێ.
موعین کازمی ئاماژەی بەوەش دا، داوامان لە وەزارەتی کارەبا کردووە بایەخ بەدابەش کردنی کارەبا بدات و هەروەها چاکسازی لە تۆڕەکانی کارەبادا بکات و سیستەمێکی نوێ دابنێت.
موعین کازمی ڕاشیگەیاند، ئێمە ناڕازین لە کارکردنی وەزارەتی کارەبا، چونکە دۆخێکی خراپ هەیە و کێشەکان کەڵەکە بووە، ڕەنگە چەند ڕێکارێکیش لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بگیرێتە بەر بۆ باشترکردنی کارەبا، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا وەکو خۆی کارەکانیان نەکردووە. کەمتەرخەمن.
باسی لەوەش کرد، ڕۆتینی زۆر لە وەزارەتی کارەبا دا هەیە، لە ماوەی دوو ساڵی حکوومەتی سوودانی هێشتا کێشەکان چارە نەکراون، ئەوەتا بەم هاوینە، ڕۆژانە چەندان کاتژمێر کارەبا لە پارێزگاکانی عێراق دەبڕێت.