خۆبەخشەکانی گەرمیان کانیاوەکان بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان بەراو دەکەنەوە
ژمارەیەک هاووڵاتیی خۆبەخش بە هاوکاری و هەماهەنگیی پۆلیسی پاراستنی ژینگە و دارستان لە دەشتاییەکانی گەرمیان سەرقاڵی پاککردنەوە و پاراوکردنی کانیاوە وشکبووەکانن.
لە سنووری گوندی داودەی گەرمەسێر دوای چوار کاتژمێر کارکردن، کانیاوێک کە چەند ساڵیک بوو وشکی کردبوو جارێکی دیکە بەراوبووەوە. خۆبەخشەکان لە بەردەم کانییەکە گۆماوێکیان دروست کرد بۆ ئەوەی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانی دەشتەکە ئاوی لێ بخۆنەوە.
گۆران جەلال، کە هاووڵاتییەکی خۆبەخشە دەڵێ "ئەو شۆفڵ و حەفارەمان هێناوە بۆ سنووری گوندەکانی داودە و بەلەگەی ژووروو، چونکە گەرمایەکی بەتین ناوچەکەی گرتووەتەوە و ئاژەڵە کێوییەکانیش خەریکە لەلایەن ڕاوچییەکانەوە قڕ دەکرێن، لە ڕێگەی ئامێرەکانەوە کانیاوەکانیان هەڵدەدەینەوە بۆ ئەوەی سەرچاوەیەکی ئاو بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان هەبێت".
هاووڵاتییەکی دیکەی خۆبەخش بە ناوی دڵشاد ئەحمەد، دەڵێ "زۆر خۆشحاڵم سەرچاوەی ئاوێکی سازگار و شیرینمان دۆزیوەتەوە، ئێستاش کانیاوەکە پاراوبووە باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان بۆی دێن بۆ ئەوەی توێنێتیان بشکێنن".
جیا لە وشک بوونی کانیا و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، دیاردەی ڕاوکردنیش هۆیەکی سەرەکییە بۆ لەنێوبردن و کەمکردنەوەی ئاژەڵە کێوییەکان لە سنووری گەرمیان، بە تایبەتی ئاسکەکان زۆرترین مەترسی قڕبوونیان لە سەرە.
هەروەها قازی نەجم، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی کفری دەڵێ "لە مایکەکەی کوردستان24 ـەوە داوا دەکەم دەست لە کوشتنی ئاسکەکانی دەشتی گەرمیان هەڵبگیرێت، چونکە دیاردەیەکی ناشرینە، ئێستاش جگە لە مەترسی و هەڕەشەی ڕاوچییەکان، باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان بەهۆی کەمئاویی و وشکبوونی چەم و گۆماوەکان ڕووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون بوونەتەوە".
وشکە ساڵی و کەمی باران لە چەند ساڵی ڕابردوو هۆی سەرەکی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و وشکبوونی کانیاوەکانی سنووری گەرمەسێر بوون، ئاژەڵە کێویەکان ناچارن بۆ شكاندنی تینوویەتیان نزیک گوند و شارۆچکەکان ببنەوە، ئەمەش دەرفەتێکی زیاتری بۆ ڕاوچییەکان دروست کردووە بۆ ئەوەی وەک نێچیرێک ڕاویان بکەن.