ساڵح موسلیم: ئەمەریکا پێی خۆش نییە هەڵبژاردن بکەین
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی سووریا، لە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی سعوودیە، باس لە هەنگاوی جیابوونەوەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە یەکپارچەیی سووریا دەکات و دەشڵێت: بڕیاریان داوە لە مانگی هەشتی ئەم ساڵدا هەڵبژاردن بکەن، بەڵام ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەدا نییە هەڵبژاردن بکرێت.
ساڵح موسلم، هاوسەرۆکی یەکێتیی دیموکراتی لە بارەی هەڵبژاردن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەڵێ: سەرەتا 30ی ئایاری ڕابردووەوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دیاری کرابوو، بەڵام بەهۆی کەموکوڕییە لۆجستیکییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، پرۆسەکە بۆ 11ی حوزەیرانی 2024 دواخرا.
ساڵح موسلیم، چەند ئەگەرێکی وەک هۆی دواخرانی پرۆسەکە دیاری کردووە، ئەگەری یەکەمی گەڕاندووەتەوە بۆ کەم ئەزموونی و نا شارەزایی لە دۆخی ناوچەکە و دەڵێ: هەموو ئەوانە هۆگەلێکی کەموکووڕیی بوون بۆ ئامادەکاریی و بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی وەها.
هەر لە بارەی ئەگەرەکان ئاماژەی داوە، ناڕەزایەتی بەشێک لەو پارتە سیاسییانە بوو کە بڕیارە لە هەڵبژارنەکە بەشداری بکەن، کێشەکەش لە ماوەی بانگەشەی بوو کە لە کۆبوونەوەی پارتە سیاسییەکان 20 ڕۆژ ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ماوەکەی بۆ 10 کەم کردووتەوە، ئەمەش هۆیەک بوو هەندێک لەلایەنەکان ماوەی بانگەشەکردن بە کەم بزانن.
لە بارەی خاڵی سێیەمی ئەگەرەکان، سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت میوانی بیانیی و عەرەبی بۆ چاودێریی و سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بانگهێشت بکەین. بەڵام بەهۆی ئەوەی دۆخی ئێمە ئاڵۆزە و گەشتکردن بۆ سنوورەکە پێویستی بە وەرگرتنی ڕەزامەندی و تۆمارکردنی تایبەت هەیە، هەربۆیە میوانەکان و دامەزراوەکان پێویستیان بە کات هەیە بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی گەشت ڕێک بخەن، بەڵام ئێمە تەنیا 10 ڕۆژمان لەبەردەست بوو، هەربۆیە پرۆسەکە جارێکی دیکە دواخرایەوە.
ساڵح موسلیم دەڵێ: هەموو ئەمانە هۆی ڕاستەوخۆن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ مانگی ئابی ئەم ساڵ. بە پێچەوانەی ئەو قسانەی دەکران گوایە پرسی دواخستنی هەڵبژاردنەکان پەیوەندیی بەفشارەکانی ئەمەریکا و تورکیاوە هەبووە، تەنیا بۆچوون و گومان بوون، چونکە تورکیا هەر لە بنەڕەتەوە لە هەموو هەنگاوێک ناوخۆیی بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ناڕازییە.
بە گوتەی موسلیم، ئێستا پرسی هەڵبژاردن یەکلایی بووەتەوە و بڕیارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ لایەنە سیاسییەکانی نیازی بەشداربوونیان هەیە لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەو هەڵبژاردنە هەر دەبێت لەو وادەیەی دیاریکراوە، بکرێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتن لە بارەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و پابەندبوون بە بڕیارنامەی نێودەوڵەتی ژمارە 2254 ، ساڵح موسلیم گوتوویەتی: سەرەتا هەماهەنگی واشنتن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوە بوو کە بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە ئیدارە بدرێت و هەڵبژاردنیش دەبێت لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی بڕیاری 2254 بێت؛ بەڵام هەموو لایەک دەزانن کە هیچ کاتێکی دیاریکراو و چوارچێوەیەک نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، خۆ ناشکرێت هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی تاوەکوو 10 ساڵی دیکە چاوەڕێ بکەین. بێگومان ئەمەش قەبوڵکراو نییە، هەر چەندە دڵنیاین ئەمەریکا تێڕوانینێکی تایبەتی هەیە و خۆی لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ تورکیا بەدوور دەگرێت و نایەوێت ناکۆکی و بەریەککەوتنیان هەبێت، چونکە لە هاوپەیمانی ناتۆن هاوبەش.
دەشڵێت: دوای دیاری کردنی وادەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، هەڵوێستی ئەمەریکییەکان بەو ئاراستەیە بووە کە ئیدارەی خۆسەر لەم هەنگاوە پەلە دەکات.
سەبارەت چارەی سیاسیی لە نێوان ڕژێمی سووریا و ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ساڵح موسلیم دەڵێ: هەر لە سەرەتاوە داوای گفتوگۆمان لەگەڵ هەموو هێزەکانی سووریا کردووە، بە ڕژێمیشەوە، ڕووسیاش هەوڵی نێوەندگیریی و کۆبوونەوە سیاسییەکانی نێوانمانی داوە، بەڵام ڕژێمی دژ بوو. ئەو قسەیەی ئەسەدیش ڕاستە کە ئێمە زۆر دواکەوتین لە دانووستان و دەبێت دیالۆگ لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکاندا بکەین، جا دانووستانەکان لە جنێڤ یان لە ناوخۆی سووریا بێت.
لە بارەی سنوورەکانی ئیدارەی خۆسەر، موسلیم ئاماژەی داوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هیچ پێکدادانێکی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی سوپای سووریا نییە تاوەکوو لە ناوچە ئازادکراوەکانی دەستی داعشیش، چونکە هەسەدە تەنیا بەرگری لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی دەکات و پەل بۆ هیچ ناوچەیەکی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم یان ناوچەکانی دیکە ناهاوێژێت.