حاڵەتێکی ڤایرۆسی هانتا لە کەنەدا تۆمارکرا

بەرپرسانی تەندروستی لە ویلایەتی بریتیش کۆڵۆمبیای کەنەدا رایانگەیاند، کەسێک کە پێشتر لە ناو ئەو کەشتییە گەشتیارییەدا بووە کە ڤایرۆسی "هانتا"ی تێدا بڵاوبووەتەوە، ئەنجامی پشکنینەکەی بە گوماناوی پۆزەتیڤ دەرچووە.

شەممە 16ـی ئایاری 2026، بۆنی هێنری، بەرپرسی باڵای تەندروستی ویلایەتی بریتیش کۆڵۆمبیای کەنەدا رایگەیاند، نەخۆشەکە دوای جێهێشتنی کەشتییەکە نیشانەی سووکی وەک تا و سەرئێشەی لێ دەرکەوتووە؛ ئێستا نەخۆشەکە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ڤیکتۆریا لە ژێر چاودێری و کەرەنتینەدایە و باری تەندروستی جێگیرە.

ئەم حاڵەتە پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی جۆری "ئەندێز"ی (Andes strain) ڤایرۆسی هانتاوە هەیە لە ناو کەشتیی (MV Hondius)، کە تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس لە ناو کەشتییەکەدا.

جیاوازی ئەم جۆرە ڤایرۆسە لەوەدایە، دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە، لە کاتێکدا زۆربەی جۆرەکانی تری ڤایرۆسی هانتا تەنیا لە رێگەی پاشەڕۆی قرتێنەرەکانەوە (وەک مشک) دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ. نیشانەکانی ڤایرۆسەکە زۆرجار لە نێوان یەک بۆ هەشت هەفتە دوای بەرکەوتن دەردەکەون.

ئەم تووشبووە یەکێک بووە لەو چوار کەسەی کە لە ناوچەی "ئایڵاند هێڵس" کەرەنتینە کرابوون. بە گشتی 10 هاووڵاتی کەنەدی ناسراونەتەوە کە لە هەمان کەشتی بوون و ئەگەری بەرکەوتنیان هەبووە، کە دابەشبوون بەسەر ویلایەتەکانی ئەلبێرتا، ئۆنتاریۆ و کیوبێک و لە ژێر چاودێری تونددان.

دکتۆر هێنری ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە هیوایان دەخواست کەس تووش نەبێت، بەڵام هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئەگەرە کردووە؛ بڕیارە ئەنجامی پشکنینەکان رەوانەی تاقیگەی نیشتمانی لە وینیپێگ بکرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی کۆتایی.