سوپای ئیسرائیل: نزیکەی 100 ئامانجمان لە باشووری لوبنان بۆردومان کردووە

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا نزیکەی 100 ئامانجی لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.

شەممە 16ـی ئایاری 2026، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە رێگەی پلاتفۆرمی "ئێکس"ەوە رایگەیاند: " لە رۆژی شەممەدا، سوپای ئیسرائیل پێگەی چاودێری، ژێرخانی سەربازی و کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی سەر بە حزبولڵای لە چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان بۆردومان کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ناوچانە شوێنی دەرچوونی چەکدارانی حزبولڵا بوون بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان دژی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل و هاووڵاتیانی ئیسرائیل.

باسی لەوەشکردووە، رۆژی هەینی سوپای ئیسرائیل ژێرخانی سەربازی حزبولڵای لە ناوچەی سوور لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج، بەپێی راپۆرتەکە، لە چەند رووداوێکی جیاوازدا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، حزبولڵا گولە هاوەن و درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاراستە کردووە و لە نزیک ئەو ناوچەیەی کە هێزەکانی ئیسرائیلی لێیە لە باشووری لوبنان کەوتوونەتە خوارەوە.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانی "فیرقەی 91" ئەو چەکدارانەیان لەناوبردووە کە رۆژی هەینی لەو ناوچەیەوە هێرشیان کردبووە سەر ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل، دوای کاتژمێرێکی کەم لە رووداوەکە، هێزی ئاسمانی بە رێنمایی فیرقەی 91، دوو چەکداریان لە ناو باڵەخانەیەکدا دەستنیشان کرد و هێرشیان کردە سەریان، دوای هێرشەکەش تەقینەوەی لاوەکی لە ناو باڵەخانەکەدا بینراوە کە نیشانەی هەبوونی چەک و تەقەمەنی بووە لە ناویدا.

هەروەها جەختی کردەوە، هێزەکانی "لیوای 679" کۆگایەکی چەکیان دۆزیوەتەوە کە کڵاوەی جەنگی، تەقەمەنی، قەڵغانی جەنگی، کڵاوی ئاسنین و سەکۆی هەڵدانی موشەکی تێدا بووە.

 لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، سوپا بەردەوام دەبێت لە کارکردن دژی هەر هەڕەشەیەک کە هاووڵاتیانی ئیسرائیل و هێزەکانی سوپا بکاتە ئامانج.

ئەم راگەیاندنەی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە، هەینی 15ـی ئایاری 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پریامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد واشنتن لە رۆژانی 14 و 15ـی ئایاردا میوانداریی دوو رۆژ گفتوگۆی "زۆر بەرهەمدار"ی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان کردووە. لە ئەنجامدا، بڕیاردراوە ئاگربەستەکەی 16ـی نیسانی رابردوو بۆ ماوەی 45 رۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە، تاوەکو دەرفەتی زیاتر بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بڕەخسێت.