قایمقامی شێخان: پرۆژەکانی ڕێگەوبان لە کابینەی نۆیەمدا سەدا سەد زیادیان کردووە

شارۆچکەی شێخان
شارۆچکەی شێخان

سەردار شێخ یەحیا, قایمقامی شارۆچکەی شێخان دەڵێت: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانەکان بایەخێکی تایبەتی بە ئاوەدانی و پێشکەشکردنی پرۆژەی زیاتری خزمەتگوزارییەکان لە سنووری شێخان کردووە و لەم کابینەیەدا پرۆژەکانی ڕیگەوبان دە هێندە زیادی کردووە.

قایمقامی شارۆچکەی شێخان ڕایگەیاند، بەر لە دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەر 11 شارەوانییەکەی سنووری شێخان پرۆژە خزمەتگوزارییەکان زۆر کەم و سست بوون، ئەگەر سەنتەری شێخان بە نموونە وەرگرین، ئەوە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی قیرتاوکردنی ڕێگە و شەقامەکان تەنیا %9 بوون، بەڵام ئێستە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان گەیشتوونەتە %90 بە تایبەت لە شوێنەکانی نیشتەجێ بوون.

هەروەها ئاماژەی دا، ئەو پێگە ستراتیجییەی شێخان هەیەتی وای کردووە سەرەڕای قەیرانە داراییەکان، بەڵام لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە و لە چوار ساڵێ ڕابردوودا بایەخی زیاتری پێ بدرێت و زیاتر لە 103 پرۆژەی گەورە و بچووک لە شێخان و شەش شارەدێکانی شارۆچکەکە جێبەجێکراون.

سەردار شێخ یەحیا قایمقامی شارۆچکەی شێخان گوتیشی: جێبەجێکردنی پرۆژەکانی حکوومەت لە سنووری شێخان تەواوی سێکتەرەکانی گرتووەتەوە، بە تایبەت دروستکردنی پۆندەکان و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ کە هەموو ئەوانە ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەوەی دەرفەتی وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتوگوزاریش بڕەخسێت.