ڕووسیا: ئەمەریکا لە هێرشە مووشەکییەی ئۆکرانیا بەرپرسیارە

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمەریکا بەرپرسیارە لەو هێرشەی پێنج مووشەکییەی ئۆکرانیا، ئێوارەی یەکشەممە کرایە سەر نیمچە دورگەی کریم و بوو بەهۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی 151 کەسی دیکە.
ڕووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتۆن ئەم مووشەکانەی بۆ کیێڤ دابین کردووە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئەوەی خستە ڕوو، سیستەمی بەرگری ئاسمانی چوار مووشەکی ئەتاکمس خستۆتە خوارەوە کە بە کڵاوەی کلاستەر تەیار کراون، بەڵام مووشەکی پێنجەم لە ئاسماندا تەقیوەتەوە.
وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، پسپۆڕانی ئەمەریکی بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە مانگی دەستکردە سیخوڕییە ئەمەریکییەکانەوە دەستیان کەوتووە، هاوئاهەنگیی فڕینی مووشەکەکانیان دیاری کردووە، ئەمەش مانای وایە واشنتۆن بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی هێرشەکە لە ئەستۆ دەگرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، واشنتۆن بە پلەی یەکەم بەرپرسیاری هێرشە مووشەکییەکەیە بە ئەنقەست، بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە شاری سیڤاستۆپۆل، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو چەکانەی بۆ ئۆکرانیا دابین کرد، هەروەها ڕژێمی کیێڤ بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت دوای ئەوەی ئەم هێرشەی لە خاکەکەیەوە کرد.
ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەستی کرد بە دابینکردنی مووشەکی ئەتاکمس بۆ ئۆکرانیا کە مەودای تا 300 کیلۆمەتریان هەیە.
دەسەڵاتدارانی ڕاسپێردراوی ڕووسیا لە کریم ڕایانگەیاند، پارچە مووشەکێک تەنها دوای نیوەڕۆ لە نزیک کەنار دەریایەک لە دیوی باکووری شاری سیڤاستۆپۆل کە دانیشتوانی ناوچەکە پشوویان هەبووە، کەوتە خوارەوە.
میخائیل موراشکۆ، وەزیری تەندروستی ڕووسیا ڕایگەیاند، بەلایەنی کەمەوە 124 کەس برینداربوون، دەسەڵاتدارانی ڕووسیاش ڕایانگەیاند، لەنێو بریندارەکاندا 27 منداڵ هەبوون، کە پێنجیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بەڵێنی دا کە تۆڵەی ئەم هێڕشە بکاتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتە ڕوو. هەروەها ڤلادیمێر پۆتن بەردەوام لەگەڵ سوپا لە گفتوگۆدایە، دوای ئەو هێرشەی سیڤاستوپۆل.
لە 24ی شوباتدا ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی سەربازی لە ئۆکرانیا دەست پێکرد، ڤلادیمێر پوتین، ڕایگەیاند، بە ئامانجی "پاراستنی ئەو دانیشتووانەی کە ماوەی هەشت ساڵە لەلایەن ڕژێمی کیێڤەوە گێچەڵیان پێکراوە و کۆمەڵکوژ کراون، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هێزە چەکدارەکانیان نارد تەنیا لە دامەزراوە سەربازییەکان و چەکدارانی ئۆکراینی بدەن، ئەم هەڵمەتە بە پشتیوانیی هێزی ڕووسیا و پۆلیسی کۆماری دەنێستک و لوگانسک بەڕێوە دەچێت.