گوتەبێژی پارتی: ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەست پێ دەکەین

پارتی دەست دەکات بە ئامادەکارییەکانی بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت، "هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسییانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-06-2024، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، بڵاو کردەوە.
گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، "دواى ڕاگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پارتیمان دەست دەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان. هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت".
بە گوتەی مەحموود محەممەد، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا، پارتی هەڵوێستی خۆی بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن ڕاگەیاند، ئێستا "بەشێک لە کەموکوڕییەکانی تایبەت بە ڕێکارەکانی هەڵبژاردن چارەسەرکراون و بەشێکی دیکەشیان لە چارەسەرکردندان و بەشێکی مافەکانی هەرێمی کوردستان گەڕێندراونەتەوە" بۆیە پارتی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ساڵى 2022 پارتیمان زۆر هەوڵى دا پێش تەواوبوونى وادەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان ڕێکارەکانى پێویست بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەست پێ بکرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروستکران، کە ئەو ئاستەنگانە بە زیانى پرۆسەى سیاسى و یاسایى بۆ هەرێمى کوردستان شکانەوە و ڕەنگدانەوەى خراپیان بەرامبەر دەسەڵات و مافەکانى هەرێمى کوردستان بەدواى خۆدا هێنا. لە دواى ئەوەش هەوڵماندا ئەو پێشنیارانەى هەبوون، بۆ پەرلەمانى هەڵبژێردراو جێبێڵین بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکى یاسایى کە ئەمەش ڕێگرى لێ کرا".
دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024، کە دیاریکردنی ڕۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق.
هەر بە گوێرەی فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.
گوتەبێژی حکوومەت: ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە وادەی نوێی هەڵبژاردن دەکات
هاوکات پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ پێشوازی لە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاری کراوە".
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی باڵای نێو ئەنجوومەنی وەزیران دەستی کەوتووە، تیمی یەکێتی لە ئەنجوومەنەکە دەنگی بە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاری کراوە.
هەورامانی لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە "شێوەیەکی سەرکەوتووانە".