فارس عیسا و پارێزگاری کەربەلا کۆمەڵێک دۆسیەی هاوبەشیان تاوتوێ کرد
فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ شاندێکی یاوەری سەردانی پارێزگای کەربەلایان کرد و لەگەڵ پارێزگاری ئەو شارە "نسەیف جاسم خەتابی" کۆبووەوە.
فارس عیسا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سڵاوی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە پارێزگار گەیاند و ستایشی ئەو بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەیە کرد کە لە پارێزگای کەربەلا بەدەست هاتوون، جەختیشی لەوە کردەوە کە پارێزگای کەربەلا لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە، ئەمەش لە داهاتوودا دەبێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندی و هاوکاری نێوان هەرێم و پارێزگای کەربەلا.
هەروەها لە دیدارەکەدا، میکانیزمەکانی هاریکاری هاوبەش لە کۆمەڵێک دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان هەرێم و ئەو پارێزگایە تاوتوێ کرا، لەوانە دۆسیەی ئابووری و ڕۆشنبیری و خزمەتگوزارییەکان.
تەوەرێکی دیدارەکە، گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەربەلا تاوتوێ کرا، هەروەها هەردوولا هیوایان خواست بۆ زیادکردنی دەفەتی وەبەرهێنانی هاوبەش و پەرەپێدانی ژێرخان و پاڵپشتیکردن بەو ئاراستەیە.
پارێزگاری کەربەلاش پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان لە بەدیهێنانی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی دەربڕی، دووپاتیشی کردەوە، پارێزگای کەربەلا ئامادەیە و هەموو ئاسانکارییەکی پێویست دەکات بۆ بەهێزترکردنی هاریکاری بەرهەمدار لە نێوان هەردوولا، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم سەردانە گوزارشت لە قووڵایی پەیوەندییە برایەتییەکانی نێوان هەرێم و پارێزگاکە دەکات و بەشدارە لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی هاوبەشی زیاتر.