گوتەبێژی کۆمیسیۆن بۆ کوردستان24: ئامادەین لە وادەی دیاریکراودا هەڵبژاردن بکەین
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئامادەین بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی کە دیاری کراوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: ئامادەین لەو وادەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.
ئەمڕۆ، چوارشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2024، مەرسوومی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، کە بڕیارە ڕۆژی (20ـی تشرینی یەکەمی 2024) هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ پێشوازیی لە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات کە لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاری کراوە".

