سەعدی پیرە: یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن

سەعدی پیرە، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی پیرە، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

K24 – هەولێر:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیاند و گوتەبێژەکەی دەڵێت: ئامادەین بۆ هەڵبژاردن.

26ـی حوزەیرانی 2024، سەعدی پیرە، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بە هەمان شێوەی کە خۆمان ئامادەکردبوو بۆ هەڵبژاردن لە 10ـی حوزەیران، بە ئامادەییەکی ڕێک و پێک دەچین بۆ هەڵبژاردن".

گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد: هیوادارین هەڵبژاردن لە کەشێکی باشدا بەڕێوە بچێت و هەوڵ بدرێت دووربین لە بەکارهێنانی زمانی زبر و تێکدانی کەشی هەڵبژاردن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (26ـی حوزەیرانی 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی (20ـی تشرینی یەکەمی 2024) بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.

لەلایەن خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەین لەو وادەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەست پێ کردنی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، یونامی و یەکێتیی ئەورووپاش پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمیسیۆن و سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاگەیاند.

Fly Erbil Advertisment